سەرۆکی هەرێمی کوردستان : یەکڕیزیی سیاسی باشترین وەفایە بۆ خوێنی شەهیدان

Dîroka Belavkirin :
سەرۆکی هەرێمی کوردستان : یەکڕیزیی سیاسی باشترین وەفایە بۆ خوێنی شەهیدان
پەیامی کورد    ...   سەرۆکی هەرێمی کوردستان : یەکڕیزیی سیاسی باشترین وەفایە بۆ خوێنی شەهیدان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە بیست و دووەمین ساڵیادی مەرگەساتی  1ی شوبات دا، پەیامێکی سەرەخۆشی و هاوخەمی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر پێویستی قووڵ کردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دا کردەوە.

دەقی پەیامەكەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی نەمری مەرگەساتی 1ی شوباتی 2004 دەکەینەوە، ئەو ڕۆژەی تیرۆریستانی تاریک پەرست لە بەیانییەکی جەژن دا، بە ڕق و کینەیەکی ڕەشەوە، دوو بارەگای سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیتی نیشتمانی کوردستانیان لە هەولێر کردە ئامانج و کۆمەڵێک سەرکردە و تێکۆشەری دیار و هاووڵاتی بێ تاوانیان شەهید و بریندار کرد.

شەهیدانی 1ی شوبات، سیمبۆلی پێکەوەژیان، یەکڕیزی و تێکەڵبوونی خوێنی ڕۆڵەکانی كوردستانن لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا. ئەوان لە کاتێکدا شەهید بوون کە خەریکی پیرۆزبایی جەژن و بەهێزکردنی تەبایی و خۆشەویستی بوون، بۆیە یادکردنەوەیان تەنها وەبیرهێنانەوەی ئازارێک نییە، بەڵکوو جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو بەهایانەی ئەوان لەپێناوی دا گیانیان بەخشی.

باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی 1ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵ کردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکانە. دەبێت ئەم یادە بکەینە هەوێنی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کارکردن بۆ بونیاتنانی داهاتوویه‌كى گەشتر بۆ نەوەکانمان کە شایستەی قوربانیدانی شەهیدانمان بێت.

 

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی 1ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. سڵاو و سەربەرزی بۆ کەسوکاری سەربەرزیان.

 

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/2/1