سەرۆک بارزانی داوا لە حکوومەتی سووریا دەکات ناکۆکییە سیاسییەکان نەکاتە ململانێی نەتەوەیی لە حەلەب

Dîroka Belavkirin :
سەرۆک بارزانی داوا لە حکوومەتی سووریا دەکات ناکۆکییە سیاسییەکان نەکاتە ململانێی نەتەوەیی لە حەلەب
پەیامی کورد... سەرۆک بارزانی داوا لە حکوومەتی سووریا دەکات ناکۆکییە سیاسییەکان نەکاتە ململانێی نەتەوەیی لە حەلەب

سەرۆک مەسعوود بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە داوای لە حکوومەتی سووریا کرد "ناکۆکییە سیاسییەکان نەکاتە ململانێی نەتەوەیی، و لە ژێر سایەی کێشە و قەیرانە نەکراوەکانی ناوچەی حەلەبدا ڕێگە نەدات هاووڵاتییانی کورد ڕووبەڕووی فشار، توندوتیژی یان کۆچپێکردنی زۆرەملێ لە زێدی باو و باپیرانیان و پاکتاوی ڕەگەزی ببنەوە".

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا هۆشداریی دا لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی پەرەسەندنی بارودۆخی ئەمنی و توندوتیژییەکانی ناو شاری حەلەب، و نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە هەڕەشە ئەگەرییەکانی ئەنجامدانی پاکتاوی ڕەگەزی دژی هاووڵاتییانی کورد دەربڕی، لە ژێر سایەی ئەو پێکدادانە بەردەوامانەی کە مەترسی لەسەر ژیانی مەدەنییەکان دروست دەکەن.

سەرۆک ڕایگەیاند: "گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا دەرفەتێکی باش بوون بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو کە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە سووریا مسۆگەر بکات و هەموو کێشەکان چارەسەر بکات، لەم پێناوەشدا هەوڵێکی زۆرمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان داوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی هەموو ئاستەنگ و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوازی ئاشتییانە".

هەروەها وتی: "ئەو دۆخە مەترسیدارە و ئەو شەڕ و توندوتیژییەی ئێستا لە شاری حەلەب دەگوزەرێت جێگەی نیگەرانیی قووڵە؛ چونکە مەترسی جیدی لەسەر ژیانی مەدەنییەکان و هاووڵاتییانی بێتاوان دروست کردووە، و هەڕەشەی ئەنجامدانی پاکتاوی ڕەگەزی دژی کورد لەو ناوچەیەدا هەیە".

بارزانی داوای لە لایەنە کوردییەکان و بەتایبەت هەسەدە کرد، هەموو توانایەکی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان و ڕێگریکردن لە ڕشتنی خوێنی زیاتر.

سەرۆکی بارزانی هانی هەردوولای دا کار بکەن و ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بگرنەبەر و وتیشی: "نابێت ناکۆکییە سیاسییەکان ببنە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی مەدەنییەکان یان ڕوودانی پاکتاوی ڕەگەزی دژی گەلی کورد، چونکە ئەمە بە تاوان دژی مرۆڤایەتی دادەنرێت و لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت".