پەیامی کورد... مەزڵووم عەبدی هۆشداری لە کۆمەڵکوژی و گۆڕانکاریی مەترسیداری دیمۆگرافی لە گەڕەکەکانی حەلەب دەدات
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی "هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی شەڕ و زمانی جەنگ بۆ سەپاندنی چارەسەری یەکلایەنە، کارێکی قبوڵنەکراوە.
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە پێشتر بوونەتە هۆی کۆمەڵکوژی کە گەیشتوونەتە ئاستی تاوانی جەنگ لە کەناراوەکانی سووریا و سوەیدا.
لە بەیاننامەکەیدا هاتووە: "جێگیرکردنی تانک و تۆپخانە لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب، و بۆردومانکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی بێبەرگری و ئاوارەکردنیان، و هەوڵەکانی هەڵکوتانە سەر گەڕەکە کوردییەکان لە کاتی پرۆسەی دانوستاندا، دەرفەتی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەناو دەبات و زەمینە بۆ گۆڕانکاریی مەترسیداری دیمۆگرافی خۆش دەکات، هەروەها هاووڵاتیانی مەدەنیی گیرخواردوو لەو دوو گەڕەکەیەدا ڕووبەڕووی مەترسیی کۆمەڵکوژی دەکاتەوە."
هەروەها مەزڵووم عەبدی لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاند: "ئێمە لە کاتێکدا لەگەڵ خەڵکی خۆمان لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب وەستاوین، چەند ڕۆژێکە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کار دەکەین بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە."