لەنێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریا.. ئیدارەی هاوبەش بۆ دەروازەکان و تایبەتمەندیی سەربازی بۆ ناوچە کوردییەکان

Dîroka Belavkirin :
لەنێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریا.. ئیدارەی هاوبەش بۆ دەروازەکان و تایبەتمەندیی سەربازی بۆ ناوچە کوردییەکان
پەیامی کورد... لەنێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریا.. ئیدارەی هاوبەش بۆ دەروازەکان و تایبەتمەندیی سەربازی بۆ ناوچە کوردییەکان

سەرچاوەکان بۆ ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا نزیکە، کە کۆمەڵێک لێکتێگەیشتنی سەربازی، ئەمنی و کارگێڕی لەخۆدەگرێت سەبارەت بە داهاتووی ئەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ڕێککەوتنەکە بڕیار دەدات بە کشانەوەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتی لە شاری شەدادی، و نەچوونی سوپای سووریا بۆ ناو ناوچە کوردییەکان، هەروەها گەڕانەوەی هێزەکان بۆ ناو سەربازگەکان لەو ناوچانەی لێی کشابوونەوە، لە بەرامبەردا هێزەکانی سووریای دیموکرات دەچنە ناو وەزارەتی بەرگریی سووریا لە چوارچێوەی پێکهێنانی دوو لیوا کە بە شێوەیەکی پلەبەندی تێکەڵ دەکرێن، ئەوەش بەگوێرەی ڕێکخستنێکی سەربازیی تایبەت کە ڕەچاوی تایبەتمەندیی هەسەدە و پێکهاتە ڕێکخراوەییەکەی دەکات.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە هەسەدە لیستێکی پێشکەش کردووە کە ناوی ٢٠ بۆ ٢٥ هەزار شەڕڤانی تێدایە بۆ چوونە ناو سوپا.

هەروەها ڕێککەوتنەکە ئەرکی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لەناو ناوچە کوردییەکاندا دەسپێرێت بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ "ئاساییش"، لە کاتێکدا دەروازە سنوورییەکان (تا ئێستا لەسەر دەروازەی سێماڵکا ڕێککەوتن کراوە)، جگە لە فڕۆکەخانەکان و سنوورەکان، بە ئیدارەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا بەڕێوە دەبرێن.

لە هەمان چوارچێوەدا، چاوەڕوان دەکرێت پارێزگارێک و چەند کەسایەتییەک لە وەزارەتەکاندا دابمەزرێن لەو کەسانەی کە لەلایەن "بەڕێوەبەریی خۆسەر"ەوە پێشنیاز دەکرێن. هەروەها لە هەریەکە لە سەرێ کانیێ (ڕەئس ئەلعەین) و عەفرین، ئەنجومەنی ناوخۆیی لە دانیشتووانی ناوچەکە پێکدەهێنرێت کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری خزمەتگوزاری و کارگێڕی دەگرنە ئەستۆ؛ ئەم هەنگاوەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێکخستنی دۆخی ناوخۆ و بەهێزکردنی بەشداریی کۆمەڵایەتی وەسف کراوە.

ئەم ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی حکومەتی کاتی کۆنترۆڵی ڕووبەرێکی فراوانیان کرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بوو، لەوانەش دامەزراوە گرنگەکان و زیندانەکان، ئەمەش زەمینەی خۆشکرد بۆ کردنەوەی کەناڵەکانی گفتوگۆ لەنێوان هەردوولادا.