مەسروور بارزانی : گەشەپێدانی ئابووری بنەمای سەرەکی بەدیهێنانی سەقامگیرییە
لە پێناو پتەوکردنی ئامادەیی ئابووری هەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری ئێوارەخوانێکی تایبەت بە پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کرد کە لە لایەن شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار، لە داڤۆس ڕێکخرا.
لە ئێوارە خوانەکەدا چەندین کەسایەتیی نێودەوڵەتی لە ئامادەبوون، لەوانە؛ بۆریس جانسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا ، نەدیم زەهاوی پەرلەمانتار و وەزیری پێشووتری بەریتانی و خاوەنکاری ناسراوی ڕۆس پیرۆ و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی کورد و جیهانی.
لە ئێوارەخوانەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ووتەیەکدا، باسی لە دەرفەتەکانی بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کرد و تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە، گەشەپێدانی ئابووری بنەمای سەرەکی بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی و ئەمنییە، ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان خواستی ئەوەیە ببێتە خاڵی بەیەکگەیاندنی شارستانییەتە کۆنەکانی ناوچەکە، بەو پێیەی پێگەیەکی ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هەیە.
لەبارەی دۆسیەی ووزە و خزمەتگوزارییەکانەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە تا کۆتایی ئەمساڵ، کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەبێت.
لەبارەی کەرتی نەوت وگازیشەوە، سەرۆکی حکوومەت، جەختی لە خواستی هەرێمی کوردستان بۆ برەودانی زیاتر بە وەبەرهێنان کرد، بە تایبەتی ئێستا عێراق لە سەروبەندی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ دایە و بابەتی ووزە و بەڕێوەبردنی سامانە سرووشتیەکانیش، تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتە.
سەرۆکی حکوومەت ، پەیامی دڵنیایی بە سەرجەم هاوبەشان دا و جەختی لە پابەندی هەرێمی کوردستان بە سەرجەم ڕێککەوتن و گرێبەست لەگەڵ وەبەرهێنەران و دۆستان کردەوە و داوای لە کۆمپانیا جیهانییەکان کرد، ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن.