پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی کۆتایی بە بەشدارییەکەی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میوونشن هێنا
یەکشەممە 2026/2/15، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆتایی بە بەشدارییەکەی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میوونشن هێنا، ئەمەش دوای سێ ڕۆژ لە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی فراوان لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی ووڵاتان و بەرپرسانی باڵای جیهان.
لە میانیە ئەو دیدار و كۆبوونهوانەدا لهگهڵ ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا، ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکی ئازەربایجان، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، قهتهر و لوبنان و ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرانى دهرهوه و بەرپرسانی باڵای ئەمهریکا و ئەورووپا و ناوچەکە، جەختى لە سیاسەتی جێگیری هەرێمی کوردستان کردهوه کە هەمیشە وەک فاکتەرێکی سەرەکی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. له كۆبوونهوهكاندا ههروهها دۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان و دوا پێشهاتەکانی ناوچەکەش بە وردی تاوتوێ کران.
سەبارەت بە دۆخی سووریا کە یەکێک بوو لە تەوەرە سەرەکییەکان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکانی دا جەختی لە پێویستیی دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سووریا لە چوارچێوەی دەستووری داهاتووی سووریایەکی یەکگرتوودا کردەوە بە شێوەیەک کە ئاشتی و ئاسایشی هەمیشەیی بۆ ووڵاتەکە دابین بکات. ئهمه جگه له چهندین پرسى دیكهى جێى بایهخى هاوبهش.
ئێوارەی ئەمڕۆش سهرۆك نێچیرڤان بارزانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان و چەند پرسێكی دیكە كرد.
سەرەتا بەڕێزیان لە ووتەیەكدا ووتی: "وەكوو هەموو ساڵێك، ئەمساڵیش بەشداریمان لە كۆنفرانسی ئاسایشی میوونشن دا كرد و لەگەڵ كۆمەڵێك سەركردە و بەرپرسانی ووڵاتانی دەرەوە قسەمان كرد. ئەوەی ئەمساڵ زیاتر جێی بایەخ بوو، پرسی سووریا، هەروەها پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بوو. ئەمانە تەوەری سەرەكی بوون كە هەموو لایەك دەیانەویست گوێبیستی بن و دووپاتمان لە ڕۆڵی خۆمان كردەوە لە هەرێمی كوردستان كە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبین لە ناوچەكە و ئەوەی لەدەستمان بێت هەم لە سووریا و هەم لە عێراقیش دهیكهین تاكوو كابینەی نوێی حكوومەت لە عێراق زوو پێك بهێندرێت. هەروەها لە سووریا و هەرێمی كوردستانیش، بەردەوام دەبین. دەربارەی هەرێمی كوردستان، بێگومان سیاسەتی ئەم ووڵاتانە هەموویان دەیانەوێ هەرێمی كوردستانێكی سەقامگیر و بەهێز هەبێت لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا و ئەو ئاستەنگ و كێشانەی لەگەڵ بەغدا هەبووە، لەم كۆبوونەوانەدا باسمان لەسەر كردووە.
دواتر لە ووڵامی یەكەم پرسیاری ڕۆژنامەوانان دا دەربارەی ڕۆڵی بەڕێزیان لە پرۆسەكانی ئاشتی دا، بەتایبەتیش لە توركیا و سووریا و دڵنیایی دانی ئەو بەرپرسانەی لهگهڵیاندا كۆبووهتهوه بۆ پرسی كورد لە توركیا و سووریا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ووتى: "سەرەتا با باسی سووریا بكەین. ئەوەی ئێستا لە سووریا هەیە و ئەو پرۆسەی لەوێ هەیە، هەڵوێستمان لە هەرێمی كوردستان ئەوهیە كە پشتگیری ئەم پرۆسەیە دەكەین. ئەو گفتوگۆیەی كە لەنێوان هەسەدە و حكوومەتی سووریادا هەیە. دەمانەوێ لایەنە كوردییەكانی دیكەش وەك ئەنەكەسە و ئەوانی دیكەش بەشداربن لەو گفتوگۆ سیاسییەی ئێستا لەگەڵ دیمەشق ئەنجام دەدرێت. دەبێ واقعبین بین و پێموایە ڕێككەوتنێكی خراپ نییە بەپێی ئەو بارودۆخەی كە لە سووریا هاتۆتە پێش. ئەوەی كە كراوە و ئەوەی دەتوانین بیكەین، بە ڕای من ئەوەی ئێستا هەیە ڕێككەوتنێكی باشە. لەم ڕێككەوتنەدا هەڵوێستی هەرێمی كوردستان ئەوە بووە كە بەردەوام لەسەر هێڵ بووە هەم لەگەڵ توركیا و هەم جەنابی سەرۆك بارزانیش لەگەڵ سەرۆك ئەحمەد ئەلشەرع و بەردەوام قسەمان كردووە. سیاسەتی ئێمە ئەوەیە كە دەمانەوێ بە شێوەیەكی گشتی ئەم ڕێككەوتنە تەواو و وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و ئارامی و سەقامگیری بگەڕێتەوە. ئەوەی كە زۆر جەختی لەسەر دەكەینەوە، ئەوەیە كە مافی كورد و هەموو پێكهاتەكانی دیكە پێویستە لە دەستووری سووریا، لە ئایندەدا جێگیر بكرێن. ئەمە گارانتییەكە بۆ ئەوەی هەموو لایەك هەست بە دڵنیایی بكات. ئەوەی مەبەستمانە و هەموو لایەكیش هان دەدەین كە ڕێككەوتن بكەن لە چوارچێوەی سووریایەكی یەكگرتوودا؛ ئەمە سیاسەتی ئێمەیە لە هەرێمی كوردستان."
لە بەردەوامی قسەكانیدا و سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، بەڕێزیان گوتى: "سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، تا ئەم ساتەش ئەوەی كە دەیبینین، پێموایە ئەمە پرۆسەیەكی جددییە و توركیا بە جیددی دەیەوێ ئەو كێشەیە چارەسەر بكات و لەوانەیە پرۆسەكە هەندێك بە هێواشی بەڕێوە بچێت و خەڵك گلەیی لەوە هەبێت كە پرۆسەكە زۆر هێواشە. ئەمەیان ڕاستە، بەڵام ئەوەی كە گرینگە هەموو لایەك پابهند بن بەوەی كە ئەم پرۆسەیە سەركەوتوو بێت. هەڵوێستی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بە سوپاسەوە دەڕوانینە هەوڵەكانی هەموو لایەك، بەتایبەتی دەوڵەت باخچەلی و ئەو هەوڵەی كە دەیدات بۆ ئەم پرسە، هەروەها بەڕێز عەبدۆڵڵا ئۆجالان بۆ ئەو پرۆسەیەی كە دەستی پێ كردووە. هیوادارین بگاتە ئەنجام و پەكەكەش ڕوونە كە دەبێت چی بكات. دەبێت ئەو داواكارییانەی سەرۆك ئۆجالان كە لە پەكەكەی كردووە جێبەجێیان بكات. پشتگیری لەو پرۆسەیە دەكەین و دەستخۆشی و سوپاس بۆ ئەوانەی كە تێیدا بەشدارن، لەسەرووی هەمووشیانەوە، سوپاس و پێزانینمان بۆ ئەردۆغان هەیە كە خودی خۆی پشتگیرە تا ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجامێكی باش."
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە چەقبەستووییى سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: "ڕاستە دۆخی سیاسی چەقبەستووە لە هەرێمی كوردستان. پێش دە ڕۆژ كۆبوونەوەیەكی زۆر باش لەنێوان جەنابی بارزانی و كاك بافڵ تاڵەبانی ئەنجام درا. كۆبوونەوەیەكی زۆر ئەرێنی و سەركەوتوو بوو. ڕاستە كۆبوونەوەكە دوای ماوەیەكی درێژ ئەنجام درا، بەڵام ئەو دەستپێكردنە دەستپێكردنێكی باش بوو. پێش ئەو ڕۆژەی بێم بۆ میوونشن، جارێكی دیكە كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی لەنێوان سەرۆك بارزانی و بەڕێز بافڵ تاڵەبانیدا ئەنجام دراوە و من لەوێ بووم. ئەو كۆبوونەوەیەش كۆبوونەوەیەكی باش بوو. وای بۆ دەچم ڕاستە تا ئێستا لەسەر هیچ خاڵێك ڕێكنەكەوتووین، بەڵام ئەوەی دەتوانم بڵێم ئەوەیه: لەسەر ئاراستەیەكی درووست لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجامێك كە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندی عێراقی تێدا بێت."
سەبارەت بە ڕۆژئاوای كوردستان لە ووڵامی پرسیارێكدا دەربارەی دەرفەتی بەردەوامی سەقامگیری لە ڕۆژئاوای كوردستان لە میانەی كۆبوونەوە و دیدارەكانی دا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ووتی: "پێم وایە دەرفەت هەیە، دەرفەتی چارەسەر هەیە، بەڵام ئەو مۆدێلەی كە ئەوان هەردوو لایەن دەتوانن ڕێككەوتنی لەسەر بكەن، پێم وایە ئەمە بۆ خۆیان بەجێ بهێڵین، واتە بۆ لایەنە كوردییەكان لەگەڵ دیمەشق. كە دەڵێم لایەنە كوردییەكان، مەبەستم هەسەدە و ئەنەكەسە و لایەنەكانی دیكەشن. هەموو ئەمانە لەگەڵ سووریا بزانین دەتوانن بگەنە چ مۆدێلێك لە خۆبەڕێوەبردن. ئەگەر پرسیارەكە زیاتر ئەوە بێت ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەمانە، ئایا دەكرێ ئەوە لە سووریاش هەبێت؟ زەحمەتە و ئاسان نییە، چوونكە جوگرافیایەكی یەكگرتوو بەو شێوەیە لە سووریا نییە و پێكهاتەكان جیاوازن. نەك تەنها كورد، دەبێت پێكهاتەكانی دیكەش ڕازی بكرێن. بەڵام ئەوەی كە ئێستا هەیە بۆ نموونە شەرع مەرسوومی دەركردووە بۆ پارێزگاری حەسەكە، پێم وایە پارێزگاری حەسەكە گرینگە، چوونكه شاری حەسەكە هەم كوردی هەیە و هەم عەرەبی هەیە. ئێستا بۆ لایەنی كوردی كە بەربژێرەكە لەلایەن هەسەدەوە پێشكەش كراوە، دەرفەتێكە تاكوو بیسەلمێنێت كە ئەم پارێزگارە، پارێزگاری حەسەكەیە بۆ هەموو پێكهاتەكان. ئێستا دەرفەتە، ئەو بتوانێت هەم خزمەتی كورد و عەرەب و هەموو پێكهاتەكان بكات. دواتر هەموو خەڵك دوای خۆی بەرگری لێ دەكەن. بەڵام ئەمانە هەموو پێویستی بەوەیە كە گفتوگۆیەكى ڕێكوپێك هەبێت. قسەمان لەگەڵ بەڕێز جەنابی جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی و لەگەڵ ئەوانی دیكەش ئەوەیە كە دەبێت لە پرۆسەی سیاسی سووریادا بەشدار بن. دیمەشق پایتەختی ئێوەیە. دەبێت بگەڕێنەوە بۆ دیمەشق و هەوڵێكی جیددی بدەن ئەو كێشانەی كە هەیە چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە لە چوارچێوەی سووریایەكی یەكگرتوودا. ئەمە سیاسەتی ئێمەیە، ئەم قسانەی ئێمەش لە ئەنجامی ئەزموونی هەرێمی كوردستانە كە پێیان دەڵێین ئێوە دەبێت بەم شێوەیە مامەڵە بكەن و تا حەددێكی زۆر پێم وایە بەو ئاراستەیە دەڕوات كە خۆیشی لە كۆنفرانسی میوونشن بەشدار بوو."
هەر سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی لە سووریا و درێژەكێشانی گفتوگۆوەكان لەوێ، دەربارەی ڕێككەوتن و چارەسەر، جەنابیان ڕایگەیاند: "یەك شت زۆر گرینگە، ئایا نیهتى ئەوە هەیە كە ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن؟ بە بۆچوونی من ئەوەی من لە شەیبانی؛ وەزیری دەرەوەی سووریا گوێم لێ بوو و ئەوەی كە لە جهنابى سەرۆك كۆماری سووریاش گوێمان لێ دەبێت، ئەوەیە كە دەیانەوێ ئەم كێشانە چارەسەر بكەن. خۆی دوو سێ هەفتەیە ئەو ڕێككەوتنە كراوە و ناتوانین بڵێین ئێستا هەموو شتێك جێبەجێ كراوە. بەڵێ كێشە هەیە و لەوانەیە كێشەی زیاتریش بێتە پێشەوە. ئەوی گرینگە ئایا نیهت هەیە ئەو كێشەیە چارەسەر ببێت؟ بە بۆچوونی من ئەو نیهته لە دیمەشقەوە دەبینین و هەیە، بێگومان لە لایەنی كوردیشەوە ئەو نیهته هەیە، ڕۆڵی ئێمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین هەردوولا نزیكی یەكتری بكەین و بگەنە چارەسەر."
لە ووڵامی پرسیارێكی دیكەدا سەبارەت بە هەوڵەكانی جەنابیان بۆ بەشداریكردنی بەڕێز مەزڵووم عەبدی لە كۆنفرانسی ئاسایشی میوونشن دا و ئاخۆ وادەیهك ههیه بەڕێزیان سهردانى قامیشلوو و عەفرین و حەلەب و دیمەشق بكات و پەیامیان بۆ خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان چییه؟ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ووتی : "با لەوە دەست پێ بكەم، بهڵێ بیرى ئەو شوێنانە دەكەین. بیری قامیشلوو و عەفرین دەكەین و بەڕاستی و بێگومان ئەو بەرنامەیە لە سەردانەكەماندا دەبێت، بەڵام نازانم كەی. پەیامی ئێمە بۆ خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوا ئەوهیە كە بەڕاستی دوای ئەو ڕووداوە ناخۆشانەی بەسەریاندا هاتووە، پشتگیرییەكی گەورە لە هەموو كوردستانیانەوە و لە هەموو شوێنێك بۆ ڕۆژئاوا نیشان درا، ئەمە جێی سهربهرزى و شانازی هەر كوردێكە لە هەر شوێنێك بێت. ئێستا ئەوەی گرینگە ئەو ڕێككەوتنەی كراوە جێبەجێ بكرێت و پەنا بەخوا ئاوەدانی و شادى و كاری زیاتر بكەوێتە ڕۆژئاوا. لێرە لەگەڵ زۆرێك لە كۆمپانیای ووڵاتان و تەنانهت لهگهڵ ئاڵمانیاش ئەوەمان باس كرد كە پێویستە دوای ئەو ڕێككەوتنە دەست بە ئاوەدانی و دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ ڕۆژئاوا بكەن. هیوای شادی و سەلامەتی و سەركەوتن بۆ خەڵكی خۆمان لە ڕۆژئاوا دەخوازم."
سەبارەت بە هەڵوێستی ووڵاتانی بەشدار لە كۆنفرانسی میوونشن بۆ پشتگیریكردن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای كوردستان، سهرۆك نێچیرڤان بارزانى گوتى: "بە بۆچوونی من پشتگیری سیاسی هەیە. كەس پشتگیری لە دۆخی سەربازی ناكات لەوێ. پشتگیری لە بۆچوونێكی سیاسی دەكەین كە ئەم كێشانەی هەیە لە چوارچێوەی سووریادا چارەسەر بكرێت. ئەوەی من لە ووڵاتانی ئەورووپیش بینیم، هەڵوێستیان بە هەمان شێوەیە. دەبێت سەیری ئەوە بكەن لەو پرۆسەیەدا ئایا دیمەشق چەند بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ دەكات؟ پرسیاری دووەمیش ئەوەیە لایەنە كوردییەكان و هەسەدە چەند ئامادەن ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكەن؟ ئەو پرسە پێویستی بەوە هەیە كە لەڕووی سیاسییەوە هەم ئەورووپا و هەم ئەمەریكا، بە سوپاسەوە بەڕاستی ئەمەریكییەكان ڕۆڵێكی زۆر باشیان هەبوو، هەروەها جەنابی سەرۆك ماكرۆن ڕۆڵێكی جیددی هەبوو لەوەی كە ئەم ڕێككەوتنە بكرێت. ئێستا هەموو لایەك هەست بەو بەرپرسیارییەتییە دەكەن كە ئەوەی گرینگە لەڕووی سیاسییەوە چۆنییەتی جێبەجێ كردنی ئەم ڕێکكەوتنەیە. دیسانەوە دەڵێم بەپێی ئەو واقعەی كە درووست بووە لە ڕۆژئاوا، ئەم ڕێككەوتنە ڕێككەوتنێكی خراپ نییە و ڕێككەوتنێكی باشە. لە دەستووری عێراقدا كە ساڵی 2005 بوو، نەمانوت دەستوورێكە هەموو مافەكانی ئێمەی تێدایە، بەڵام بەشێكی زۆری مافەكانیشمان لەوێدا هەبوون. شتێك نەبوو بڵێین سفر یان سەد، لهو نێوهدا نەوەد و نۆ هەیە. ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا لە ڕۆژئاوا هەیە لەوانەیە هەمووی بە دڵی ئێمە نەبێت، بەڵام بۆ ئەو دۆخەی لەوێ بەسەریاندا هاتووە، پێموایە ئەمە دەستكەوتێكە، وەكو كورد دەبێت لە هەموو شوێنێك پشتگیری بكەین و دەبێت هەوڵێكی جیددی بدەین ئەم ڕێككەوتنە جێبەجێ بكرێت."
زۆر سوپاس، بە خێر بێن.