پەیامی کورد- قامیشلۆ... هەسەدە داخستنی سەرجەم دەروازەکان لەگەڵ حکوومەتی سووریا ڕادەگەیەنێت
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، داخستنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی سووریادان، ڕاگەیاند.
ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا گۆڕانکاری گەورە و پەرەسەندنی سەربازیی بێوێنە لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بەخۆیانەوە دەبینن؛ بەو پێیەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هێزەکانی حکوومەت کۆنترۆڵی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەیان کرد و ئێستاش ئامادەکاری دەکەن بۆ پەرەسەندنی سەربازی لە شاری دێر حافر و شارۆچکەی مەسکەنە.
هەسەدە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: "داخستنەکە دەروازە سەرەکییەکانی تەبقە، ڕەقە، دێرەزۆر و تەواوی هێڵەکانی بەریەککەوتن (تەماس) دەگرێتەوە"، تەنها ڕێکخراوە مرۆییەکان و بارودۆخە بەپەلە و لەناکاوەکان (حاڵەتە کتوپڕەکان) لەم بڕیارە بەدەر کراون.