پەیامی کورد ... پارێزگاری ھەولێر پلانی تایبەت بۆ مانگی ڕەمەزان ڕادەگەێنێت
پارێزگاری ھەولێر ڕایدەگەێنێت، تەواوی ئامادەکارییە کارگێڕی، ئەمنی و ئیدارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز تەواو بوون و چاودێری بازاڕیش چڕتر دەکرێتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند : "لە کۆبوونەوەیەکی فراوان دا بڕیاردرا بە کەم کردنەوەی یەک کاتژمێر لە دەوامی فەرمی فەرمانبەران، بە جۆرێک دەوام لە کاتژمێر ٩:٠٠ـی بەیانی دەست پێ دەکات."
سەبارەت بە کۆنترۆڵ کردنی نرخەکان، پارێزگاری ھەولێر ووتی : "لیژنەکانی قایمقامیەت، بازرگانی، شارەوانی و تەندرووستی ڕاسپێردراون بۆ چاودێریکردنی ووردی بازاڕ. ڕێکاری توند بەرامبەر ھەر کەسێک دەگیرێتە بەر کە بیەوێت قۆرغکاری بکات یان نرخەکان گران بکات. ھەروەھا لە بازگەکانیش پشکنین بۆ ڕێگریکردن لە کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو چڕتر دەکرێتەوە." ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێک لە ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان پەیوەندی بە بڕیارەکانی حکوومەتی عێراقەوە ھەیە و ھیوای خواست پێداچوونەوەیان پێدا بکرێت.
پارێزگار جەختی کردەوە کە ھێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی سەر و سامانی ھاووڵاتیان لە شەوانی ڕەمەزاندا لە ئەرک دا دەبن. سەبارەت بە مزگەوتەکانیش، تەنیا لە ١٠ شەوی کۆتایی ڕەمەزاندا تا نوێژی بەیانی کراوە دەبن و تەنیا پێشنوێژ و ووتارخوێنی فەرمی بۆیان ھەیە مەڕاسیمە ئایینییەکان بەڕێوە ببەن.