پەیامی کورد ... بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە کونسووڵی گشتى فەڕەنسا لە ھەولێر کرد
لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە کونسووڵی گشتى فەڕەنسا لە ھەولێر کرد، لە کۆبوونەوەکەدا کونسووڵی فەڕەنسا پیرۆزبایی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا و بردنەوەی چاڵنجی یەک ملیۆن دەنگ.
١٦ی١١ ٢٠٢٥، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە (یان بریم) کونسووڵی گشتى فەڕەنسا لە ھەولێر کرد.
لە دانیشتنەکەدا بەرپرسی دەستەی کارگێڕی وێڕاى زۆر بەگەرمى بەخێرهێنانی شاندی میوان تیشکى خستەسەر ڕەوشى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان بەتایبەت و عێراقى فیدڕاڵ و ناوچەکە بەگشتى.
فازڵ میرانى ئاماژەى بە پەیوەندى بەهێزی نێوان هەرێمى کوردستان و فەڕەنسا و گەلى کوردستان و گەلى فەڕەنسا كرد لە هەموو بوارەکان و ئەم پەیوەندییانەى بە مێژوویى و لە ئاستى بەرزدا وەسف کرد.
هەروەها میرانى دووپاتى کردهوه کە ناوچەکە به بارودۆخێکى هەستیاردا تێدەپەڕێت و ووتی، خۆشبەختانە لەم قۆناغەدا توانیمان هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەسەرکەوتوویى ئەنجام بدەین كه دواى پەسەندکردنى ئەنجامەکان هێزە سیاسییەکانى عێراق دەست بەگفتووگۆ دەکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و هیوادارین حکوومەتی داهاتووى عێراقی فیدڕاڵ هەموو کێشەکان لە عێراقى فیدڕاڵ دا چارەسەر بکات لەسەرویانەوە کێشەکانى نێوان بەغدا و هەولێر و کارکردن بە دەستووری عێراقى فیدڕاڵ.
لەلای خۆیەوە (یان بریم) کونسووڵی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر زۆر سوپاسی بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبى سیاسی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و پێشوازیە و پیرۆزبایی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا و بردنەوەی چاڵنجی کاک نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکى پارتی و بەدەست هێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ و ئەمە مانای ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان پارتی یەکەمە لە سەرتاسەری عێراق.
کونسووڵی گشتی فەڕەنسا هیوای خواست کوردستان و گەلی کوردستان هەر لە پێشکەوتن دا بێت و پەیوەندیەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا هەر لە گەشەسەندن دابێت لە هەموو بوارەکاندا.