وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بانگەواز لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بێنە سەر خەت

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بانگەواز لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بێنە سەر خەت
پەیامی کورد   ...   وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بانگەواز لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بێنە سەر خەت

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، لە ڕاگەێندراوێكدا، ئاماژەی بەوە كرد، لە ڕێگەی درۆنی بۆمبرێژکراوەوە چەند هێرشێكی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەکانی نەوتی تاوکێ و پێش خابوور و عەین سوفنا لە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆ و قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهۆك و زیانێکی زۆری بە ژێرخانی کێڵگەکان کەوتووە.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، رایگەیاندووە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 16/7/2025، لە ڕێگەی درۆنی بۆمبرێژکراوەوە، ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەکانی نەوتی تاوکێ و پێش خابوور و عەین سوفنا لە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆ و قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهۆک، هەر چەندە هێرشەکان زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆری بە ژێرخانی کێڵگەکان کەوتووە.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە تووندی ئەم هێرشە تیرویستییانە ئیدانە و شەرمەزار دەکات، کە مەبەست لێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و درووستکردنی مەترسییە لە سەر سەلامەتی کارمەندانی مەدەنی کەرتی وزە.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، بانگەوازی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدراڵی و کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بە زووترین کات بێنە سەر خەت  بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی و ئەمنیەتی ووزە و  ڕێگریکردن لە هێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی ووزەی کوردستان.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی کەرتی ووزە و پێگەی ستراتیژی خۆی لە دابین کردنی سەقامگیری ووزە لە ناوچەکە و جیهان دەدات.

ئەم بابەتە 24 جار خوێندراوەتەوە