پەیامی کورد ... دوو بەرهەمی نوێی وەحید کەماڵی ئیلامی چاپ کران
دوو کتێبی تازە چاپکراوی وەحید کەماڵی ئیلامی بریتین لە "مەسڵەتنامە " و کۆمەڵە شێعری "گوڵباخێ خێاڵ" کە هەردووکیان لەلایەن نووسەرەوە کۆ کراونەتەوە و ڕەوانەی بازاڕی کتێب کراون.
کتێبی "مەسڵەتنامە" لێکۆڵینەوە و کارێکی بەرفراوان لە بواری پەندەکانی کوردیی باشوورە و پەند و وتەی باوی پارێزگاکانی ئیلام و کرماشانی لەخۆ گرتووە.
ئەم بەرهەمە کە بە شێوەزاری کوردی باشوور بە وەرگێڕانێکی فارسی نووسراوە، زیاتر لە هەشت سەد لاپەڕەی هەیە و دەرئەنجامی زیاتر لە سی ساڵ کاری مەیدانی و کۆکردنەوەی نووسەرە.
بەرهەمی دووەم بە ناوی، کۆمەڵە شێعری "گوڵباخێ خێاڵ"ـە، کۆمەڵە شیعرێکی نووسەرە کە بە شێوەی کلاسیک و ئازاد نووسیویەتی.
وەحید کەماڵی ئیلامی پێشتر چەندین کتێبی لە بوارەکانی ئەدەبی منداڵان، شێعر بە زمانی کوردی و فارسی، وەرگێڕان، و مێژووی خەبات و ڕاپەڕینەکانی کوردستان چاپ کردووە.