پەیامی کورد ... ھۆشداری تووندی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ھەرێمی کوردستان
پۆلیسی دارستان و ژینگەی ھەرێمی کوردستان ھۆشداری تووند دەداتە ڕاوچییەکان کە شەپۆلی بەفر و باران بۆ ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان بەکار نەھێنن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی قورس دەکرێنەوە.
لە کاتی بارینی بەفر و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان بەھۆی نەمانی خواردن لە ژینگەی خۆیاندا، ناچار دەبن بەرەو گوند و ئاوایی یەکان دابەزن. ئەم کاتەش زۆرجار لەلایەن بەشێک لە ڕاوچییانەوە وەک دەرفەت بۆ ڕاوکردن دەبینرێت، بەڵام پۆلیسی دارستان جەخت دەکاتەوە کە ئەمە "پێشێلکارییەکی گەورەی یاسایی و مرۆییە".
پاراستنی ژینگەی کوردستان و ئاژەڵە کێوییەکان لەم جۆرە کەشوھەوایەدا ئەرکێکی نیشتمانییە. یاساکانی ھەرێمی کوردستان ڕاوکردنی ئاژەڵی کێوی بە ھەموو شێوەیەک قەدەغە کردووە، بەتایبەت لەو کاتانەی ئاژەڵەکان بۆ پاراستنی ژیانیان پەنا بۆ نزیک مرۆڤ دەھێنن.
ڕائید فوئاد ئەحمەد زراری، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگە، لە لێدوانێک دا ڕایگەیاند، "ھەر کەسێک ئەم شەپۆلی بەفر و سەرما و سۆڵەیە بقۆزێتەوە بۆ ڕاوکردنی باڵندە و ئاژەڵی کێوی، بێگومان ڕێکاری تووندی یاسایی لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر. هاوکات داوا لە ھاووڵاتیانیش دەکەین لە ھەر شوێنێک ئاگاداری ڕاوکردنی باڵندەکان بوون، پەیوەندیمان پێوە بکەن."