پەیامی کورد ... بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا، گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار ، قەدەغەی ھاتووچۆ ئەگەرێكی بەھێزە،
بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا، گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار لە ھەرێمی كوردستان و تا دێت ژمارەی تووشبووان بەرەو ھەڵكشانە، ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیش دەڵێ، قەدەغەی ھاتووچۆ ئەگەرێكی بەھێزە، بەڵام ھێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە.
د. محەمەد قادر، ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی، رایگەیاند: "رەوشی ھەرێمی كوردستان لە بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و ھیچ گەرەنتییەك نییە رەوشەكە بەرەو خراپتریش نەچێت، لەبەر ئەوە ھەموو ھەوڵەكان بۆ ئەوەن كۆنتڕۆڵ بكرێت و پێویستە ھاووڵاتیانیش زۆر پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی بن لە قۆناغی ئێستادا".
ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی ووتیشی: "نەخۆشخانەكان پڕ بوونە و وەزارەتی تەندروستیش لە ئێستادا ھەموو پێداویستییەكی لە بەردەستە بۆ تووشبووان، ھەتا كارمەندی نەخۆشخانەكانی دیكە راھێنانیان پێ دەكرێت و رەوانەی نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا دەكرێن بۆ چارەسەركردن و چاودێریكردنی نەخۆش".
لەبارەی قەدەغەی ھاتوچۆوە، د. محەمەد روونی كردەوە: "دەسەڵاتی تەواو بە پارێزگاكان دراوە ئەگەر بە پێویستی بزانن قەدەغەی ھاتوچۆ رابگەیەنن و بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆش ئەگەرێكی بەھێزە، بەڵام ھێشتاش دەرنەكراوە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە