بانکی نێودەوڵەتی هاوکاری عێراق دەکات

بانکی نێودەوڵەتی هاوکاری عێراق دەکات

پەیامی کورد... بانکی نێودەوڵەتی هاوکاری عێراق دەکات

بانکی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، سندووقی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لەلایەن چەند وڵاتێکەوە پشتگیری لێ دەکرێت و زیاتر لە ١٢٣ ملیۆن دۆلار هاوکاری بەمەبەستی بەرەوپێشچوونی بەرمانەی چاکسازی و پشتیوانیکردنی کەرتە جیاجیاکانی پێشکەشی سندووقەکە دەکرێت. دەشڵێت، "لە ئێستادا بڕی زیاتر لە ٩٤ ملیۆن دۆلار لە سندووقەکەدا هەیە".

لەمبارەیەوە بانکی نێودەوڵەتی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوەدا و، لەگەڵ بەربووەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ناوخۆیی عێراق کە خاوەنی نەوتە بە شێوەیەکی بەرچاو گەشە بکات.

ئاماژە بەوەشکراوە کە لەو چوارچێوەیەدا پێشبینی دەکرێت، بەرهەم و داهاتی نا نەوتی عێراق لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ - ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ٣٪ زیاد بکات، لە کاتێکدا بەهۆی کەمی کارەبا و ئاوەوە بەردەوام کێشەی هەیە و پرۆسەی چاکسازیش پەلەی تێدا ناکرێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە کە سندووقی چاکسازی و بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن وڵاتانی کۆمەک بەش و هاوبەشی عێراق لەوانەش کەنەدا و ئەڵمانیا و سوێد و بەریتانیا دروستکرا بەمەبەستی هاوکاری کردنی عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان لێکەوتووەکانی شەڕی داعش.

ئاشکراشکراوە کە ئەو وڵاتانە پابەندبوونی خۆیان بە بەخشینی ١٢٣، ٤ ملیۆن دۆلاریان بە سندووقەکە دووپات کردووەتەوە کە ٩٤ ملیۆن دۆلاری لە ئێستادا لە سندووقەکەدایە و ئامادەیە.

هاوکات لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی بانکی نێودەوڵەتیدا هاتووە کە ئامانج لە سندووقی ئاوەدانکردنەوەی عێراق پشتگیری کردنی پرۆژەی فرە سەرچاوە کردنی داهات و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و ئاو و ژینگە و بەرهەمهێنانی وزە و پاراستنی کۆمەڵایەتی و پەروەردە و تەندروستییە لە چوارچێوەی پشتیوانی کردنی بەرنامەی چاکسازی حکومەتی عێراق.

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە پلانی سندووقەکە کردووە بەرنامەی پشتگیریکردنی عێراق لە ڕێگەی زنجیرەیەک بەرنامەی تاقیکردنەوەی سەرەتایی و وەبەرهێنانی هاوبەش و باشترکردن و چالاککردنی بەرنامەی چاکسازی حکومەتی عێراقەوەیە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە