هیچ پارێزگایەك ناتوانێ تاكلایەنە بڕیاری كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان بدات

هیچ پارێزگایەك ناتوانێ تاكلایەنە بڕیاری كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان بدات

پەیامی کورد    ...    هیچ پارێزگایەك ناتوانێ تاكلایەنە بڕیاری كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان بدات .

ووتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ووتی ،  ناكرێت هیچ پارێزگایەك تاكلایەنە بڕیاری كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان بدات و، پێویستە ئەگەر بڕیار درا سەرجەم مزگەوتەكان پێكەوە بكرێنەوە. دەشڵێ، بڕیارە پێش سەری مانگ، حكوومەت كۆببێتەوە و بڕیار لەو بارەیەوە بدات.

نەبەز ئیسماعیل، ووتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  رایگەیاند: "بۆ كردنەوەی مزگەوتەكان پشت بە بڕیاری حكوومەت دەبەستین و كارەكەش بۆ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە، هەروەها ئێمەش پێشنیازی خۆمان داوەتە حكوومەت و ئەوانیش باسیان لەوە كردووە تا سەری مانگ ئەگەر دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە، مزگەوت و شوێنە ئایینییەكانی دیكە دەكرێنەوە، بۆیە ناتوانین پێشوەختە بڕیار بدەین و پابەندی بڕیارەكانی حكوومەتین و ناكرێت پارێزگایەك تاكلایەنە بڕیاری كردنەوەی مزگەوتەكان بدات".

ئیسماعیل ووتیشی: "وەزارەتی ئەوقاف زۆر بەپەرۆشە بۆ كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان، بەڵام ئەگەر لەناكاو چەند حاڵەتێك ڕوو بدات، ئەوكات ڕەنگە دۆخەكە گۆڕانكاریی بەسەردا بێت، بۆیە حكوومەت پێش سەری مانگ كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و ئەوكات بڕیار دەدات، هەر بڕیارێكیش بدات، ئێمە پابەندی بڕیارەكە دەبین، چوونكە سەلامەتیی خەڵك لای ئێمە لە هەموو شتێك گرنگترە و ناكرێت لە مزگەوتێك نەخۆشییەكە بڵاو ببێتەوە، چوونكە دواتر دۆخەكە خراپتر دەبێت، بۆیە هەر بڕیارێك لە بەرژەوەندی خەڵك بێت، ئێمەش پێیەوە پابەند دەبین".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە