پەیامی کورد ... عەبدۆڵڵا ئاکرەیی : ماوەی ٦ مانگە ھیچ کردەوەیەک لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان دژی ئێران ئەنجام نەدراوە
بەرپرسێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ھەرێم و ئێران لێک تێگەیشتنیان ھەیە بۆ پاراستنی سنووری نێوانیان، دەشڵێ: شەش مانگە ھیچ جۆرە ھێرش و کردەوەیەک دژی ئێران ئەنجام نەدراوە لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان.
عەبدۆڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوبەری گشتی پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران ڕایگەیاند: ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتووینەتە ڕێککەوتن لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە ھێرشی چەکداری بکرێتە سەر ئێران، یان بارەگای فەرمی لەسەر سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ھەبێت، ھەنگاوی باش نراون بەڵگەشمان ھەیە ماوەی شەش مانگە ھیچ کردەوەیەک دژی ئێران لەسەر خاکی ھەرێمی کوردستان نەکراوە، ئێرانیش خۆی ئەوە دەزانێت.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران ووتی: ئێستا لێک تێگەیشتن ھەیە و ئێرانیش ڕەزامەندە لەسەر ئەو ھەنگاوانەی نراون، ئێمەیش ڕێگە نادەین ھیچ کەسێک ببێتە مەترسی بۆسەر دراوسێیەکانی ھەرێم ھەم بۆ تورکیا و ھەمیش بۆ ئێران.
عەبدۆڵڵا ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئەوەی لەتوانای ھەرێمی کوردستان دابێت لەڕووی ئەمنییەوە ئەنجامی دەدات بۆ پاراستنی سنوورەکان، لەبەر ئەوەی بازرگانی و ھاتووچۆی ھاووڵاتییانی ئێمە لەسەر سنوورەکانە، ھێندەی منیش ئاگادارم لە دوای ١٩ی مانگەوە برادەرانی ئێران ڕازین بە ڕێکارەکانی پاراستنی سنوور لەلایەن ھەرێمی کوردستان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە