پەیامی کورد... خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر: ئەو پەتایەی بڵاوبووەتەوە رەنگە کۆرۆنای گۆڕاوبێت
ماوەی چەند رۆژێکە لە سنووری هەولێر تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا زیادیکردووە، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر دەڵێت، ئەوەی ئێستا هەیە رەنگە کۆڕۆنای گۆڕاو بێت.
لەبارەی هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا لە شاری هەولێر، رۆژی یەکشەممە 11-12-2022، دکتۆر بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: "گرنگە خەڵک خۆیان بپارێزن و لە کاتی تووشبوونیشدا نەچنەوە سەرکار و پشوو بدەن. نەچنە شوێنی داخراو و قەرەباڵخ، لە کاتی چونیشدا ماسک بەکاربهێنن و لەکاتی پژمینیشدا دەم و لووتیان داپۆشن."
دکتۆر بێریڤان عەدنان پێیوایە "یەکێک لە هۆکارەکانی زۆر بڵاوبوونەوەی پەتاکە، نەبوونی پێکوتەی ئەنفلەوەنزایە کە لە عێراقەوە دەنێردرا، بەڵام ئێستا ناینێرن.
بە وتەی دکتۆر بێریڤان: "خەڵکانێکی زۆر ساڵانە پێکوتەکە بەکاردەهێنن، بەڵام نەماوە و مانگی 10 تەنیا 500 قورچک لە عێراقەوە نێردراوە، ئەوەش بۆ ئەو کەسانەی کە نەشتەرگەریی دەکەن زیاتر بەکارهێنراوە.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکە دەستنەشووشتنە؛ دکتۆر بێریڤان دەڵێت: گرنگە رۆژانە چەند جارێک دەستەکان بشۆردرێن، چونکە ڤایرۆسەکە بەدەستەوە دەمێنێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ کەسێکی دیکە.
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەوەی بڵاوبووەتەوە ئەگەر هەیە کۆرۆنایەکی گۆڕاوبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەندێک جار نیشانەکانی سووکن و خەڵکی کەمتریش پشکنینی کۆرۆنا دەکەن، ئەوە روون نەبووەتەوە کە کۆرۆنایە یاخود نا، گرنگە هاونیشتمانیان وەکو خۆپارێزی لە کۆرۆنا خۆیان بپارێزن لە سەرجەم پەتاکان.''
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە