پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی " سەرۆکی حکوومەت " خۆی سەرۆکایەتی بۆردی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ دهكات
ووتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت کشتوکاڵ بکاتە سەرچاوەی داھاتێکی دیکە، بۆ ئەو مەبەستەش بۆردێکی درووستکردووە بەناوی بۆردی پەرەپێدانی کشتوکاڵ، کە سەرۆکی حکوومەت خۆی سەرۆکایەتی دەکات و لە یەکەم ھەنگاویش ھەوڵی کڕینەوەی گەنمی جوتیاران دەدەن و بەرھەمی خۆماڵی دەپارێزن و بازاری بۆ دەدۆزنەوە.
ووتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، حسێن حەمە کەریم، ڕایگەیاند : "بۆردێک درووستکراوە بە ناوی بۆردی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ یەکەمجارە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیری پلاندانان و وەزیری دارایی و بازرگانی و، دەستەی وەبەرھێنان و وەزیری کشتوکاڵ ئەندامن لەوبۆردە، کە مەبەست لێی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵە لە ھەرێمی کوردستان بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی ئەو کەرتە و کارئاسانی، بەرنامە بۆ کەرتی کشتوکاڵ دادەنرێت و، پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ و دۆزینەوەی بازاڕ و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی پەیوەندیان بەو کەرتەوە هەیە، وەکو ئاژەڵداری و مەڕوماڵات و بەنداوەکان و ھەموو کەرتەکانی دیکە" .
حسێن حەمە کەریم گوتیشی: "بۆردەکە دەست بەکاربووە و یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و چەندین تەوەر گفتوگۆی لەسەر کراوە، لەوانە کڕینەوەی گەنم لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە کاتی خۆی حکوومەت رەزامەندی لەسەردابوو، بۆیە کەرتی کشتوکاڵ گرینگی بەجۆرێک پێ دەدرێت، کە دەبێتە سەرچاوەیەکی باشی داھات بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە