١٠٠ ڕوفاتی ئەنفالکراوی بارزانییەکان دەگەڕێندرێنەوە کوردستان

١٠٠ ڕوفاتی ئەنفالکراوی بارزانییەکان دەگەڕێندرێنەوە کوردستان

پەیامی کورد... ١٠٠ ڕوفاتی ئەنفالکراوی بارزانییەکان دەگەڕێندرێنەوە کوردستان

دوای هەڵدانەوەی گۆڕەکانیان، هەفتەی داهاتوو ڕوفاتی ١٠٠ ئەنفالکراوی بارزانییەکان دەگەڕندرێنەوە هەرێمی کوردستان و لە بارزان بە خاک دەسپێررێن.

بڕیارە ڕۆژی شەممە ٣٠/٧/٢٠٢٢، ڕووفاتی ١٠٠ ئەنفالکراوی بارزانییەکان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان و، ڕۆژی دواتر ٣١ی مانگ لە گۆڕستانی تایبەت بە ئەنفالکراوان لە بارزان، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بە خاک دەسپێررێن.

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی بارزان بڵاوی کردووەتەوە، گۆڕی بەکۆمەڵی ١٠٠ لە ئەنفالکراوە بارزانییەکان لە بیابانی عەرعەر-ی سەر بە پارێزگای موسەنا دۆزراوەنەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە پرۆسەکە ١٤ ڕۆژی خایاندووە، ڕوفاتەکانیش بە شێوەیەکی زانستی گواستراونەتەوە بەغدا بۆ ئەوەی ڕێکارە پزیشکی و یاساییەکان تەواو بکرێن، لە بەدواداچوونەکانیش دەرکەوتووە گۆڕی ١٠٠ ئەنفالکراوی بارزانییەکانە و، لەلایەن ڕژێمی بەعس گوللەباران کراون و بە شۆفڵ خۆڵ بەسەر تەرمەکانیاندا کراون.

دۆزینەوەی ڕووفاتی ئەو ١٠٠ ئەنفالکراوانە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢١، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە بیابانەکانی باشووری عێراق، دەزگا تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق، لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ گەیشتنە شوێنی گۆڕە بە کۆمەڵەکە لە پارێزگای موسەنا لە ناوچەی (عەفاییق) شارەدێی (بوسەیە) کە ناوچەیەکی بیابانی دورە دەستە لە نزیک سنوورەکانی کوێت و سعوودیە.

بەڕیوەبەرایەتییەکە دەڵێت، لە یەکەمین ڕۆژدا ئەو جەمەدانی و جلوبەرگانە دەرکەوتن، کە ئاماژەن و تایبەتن بە پیاوانی بارزانییەکان، ئەوەش بەڵگە و نیشانەی حاشاهەڵنەگری دایە دەست تیمەکە و سەلمێنرا، ئەو ڕوفاتانەی لەو گۆڕە بە کۆمەڵەدان ڕوفاتی ئەو پیاو و گەنجانەی بارزانن کە لە ساڵی ١٩٨٣ ئەنفالکراون.

جینۆسایدی بارزانییەکان لەلایەن ڕژێمی بەعس، لە ٣١ی تەممووزی ١٩٨٣ بە چەند قۆناغێک دەستیپێکرد و زیاتر لە هەشت هەزار پیاو و گەنجی بارزانییەکان جینۆساید کران، ڕژێمی بەعس ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە دەربخات، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، دەرکەوت بارزانییەکان بە فەرمانی سەدام حوسێن ئەنفالکراون و لە بیابانەکانی باشووری عێراق لە گۆڕی بە کۆمەڵدا نێژراون.

لە ساڵی ٢٠٠٤دا، ٥١٣ ڕوفاتی ئەنفالکراوانی بارزانییەکان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە بیابانەکانی پارێزگای موسەنا دۆزرانەوە و لە ساڵی ٢٠٠٥ لە ڕێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی گەڕێندرانەوە کوردستان و، لە گۆڕستانی تایبەت بە ئەنفالکراوان لە دەڤەری بارزان بەخاکسپێردران.

لە درێژەی پرۆسەکەدا و بۆ جاری دووەم، لە ساڵی ٢٠١١ لە گۆڕێکی بە کۆمەڵی بیابانەکانی باشووری عێراق ڕوفاتی ٩٣ پیاو و گەنجی بارزانییە جینۆسایدکراوەکان دۆزرانەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە