پەیامی کورد ... مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی حكومەتەكەی محەممەد تۆفیق عەلاوی دەربڕی و رایگەیاند، دوورنییە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەن.
مەسعود بارزانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئیندیپێندنت رایگەیاندووە، ڕێز لە كەسایەتی محەممەد تۆفیق عەلاوی دەگرن و لەئێستادا شاندێكی كوردی سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ لەگەڵ عەلاویدا لە گفتوگۆدان و چاوەڕوانی هەڵوێستەكانی سەرۆكوەزیرانی نوێ دەكەن سەبارەت بە هەرێمی كوردستان.
وتیشی، ئەگەر عەلاوی هەڵوێستەكانی لەبارەی هەرێمەوە جێی ڕەزامەندی ئەوان نەبێت، دوور نییە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بایكۆت بكەن.
سەبارەت بە پێشبینیەكانی بۆ كابینەی عەلاویش وتی، لە ئێستادا كە كۆمەڵێك گروپی چەكداری لە دەرەوەی یاسا بوونیان هەیە محەممەد تۆفیق عەلاوی ناتوانێت سەركەوتوو بێت لە كابینەكەیدا.
لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا مەسعود بارزانی، لەبارەی كردنەوەی كونسوڵخانەی ئیسرائیل لە هەولێر وتی "ئێمە بەشێكین لە عێراق، ئەگەر ئیسرائیل باڵیۆزخانەی خۆی لەبەغدا بكاتەوە ئەوا لە هەولێریش كونسوڵخانەی خۆی دەكاتەوە".
باسی لەوەشكرد، بەڵام بەبێ بوونی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لەبەغدا ناكرێت پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتە دروستبكرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە