سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزیرى دەرەوە و بەرگری بەلژیکا کۆبووەوە

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزیرى دەرەوە و بەرگری بەلژیکا کۆبووەوە

پەیامی کورد    ...  ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە 3/2/2020 سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە فیلیپ گۆفین وەزیرى دەرەوە و وەزیرى بەرگری بەلژیکا کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سوپاسى بەلژیکاى کرد بۆ پشتگیرى و هاوکارییەکانى بۆ هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیدا و دووپاتى کردەوە کە عێراق و هەرێمى کوردستان هێشتا پێویستییان بە بەردەوامی هاوکاریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر هەیە.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەکەدا کە جێگرانى سەرۆکى هەرێم و باڵیۆزى بەلژیکا لە عێراق و ئوردن و شاندێکى هاوبەشى هەردوو وەزارەتى دەرەوە و بەرگری بەلژیکا ئامادەى بوون، دەربارەى کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان خوازیارە هەموو کێشەکانى لەگەڵ عێراق لەسەر بنەماى دەستوور چارەسەر بکات و دەیەوێت فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى بێت لە ناوچەکە، هەروەها پشتگیری هەرێمى کوردستانى بۆ داواى خۆپیشاندەرانى عێراق لە ژیانێکى باشتر و خزمەتگوزارییەکان، دووپات کردەوە.

لاى خۆیەوە وەزیرى دەرەوە و بەرگریى بەلژیکا ئارامى و سەقامگیری عێراق و هەرێمى کوردستان و ناوچەکەى بە جێى بایەخى بەلژیکا لە قەڵەم دا و ستایشى ڕۆڵى هەرێمى کوردستانى لە شەڕى دژى تیرۆر و هەوڵەکانى لەپێناو سەقامگیرى و هێورکردنەوەى گرژییەکاندا و پێکەوەژیان و لێبوردەیى لە هەرێمى کوردستان کرد و سوپاسى حکوومەت و خەڵکى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران و پاراستنى پێکهاتە ئاینى و نەتەوەییەکان.

برەودانى زیاتر بە پەیوەندیى دوولایەنە، چارەنووسى گیراوانى داعش و خێزان و منداڵەکانیان لە کەمپەکان بەتایبەتى لە سووریا و چەند پرسێکى دیکەى مایەى بایەخى هەردوولا، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەکە بوو.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە