شاندی هەرێم ئەم هەفتەیە سەردانی بەغدا دەکات

شاندی هەرێم ئەم هەفتەیە سەردانی بەغدا دەکات

پەیامی کورد      ...    شاندی هەرێم ئەم هەفتەیە سەردانی بەغدا دەکات

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە ئەم ھەفتەیە شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكەن و، لێك نزیكبوونەوەی باشیش ھەیە. سەركردەیەكی سوننەكانیش دەڵێ، چاوەڕێ دەكرێت ھەردوولا بگەنە رێككەوتن، چونكە رێككەوتنی ھەردوو حكوومەت، دەبێتە ھۆی سەقامگیری لە عێراقدا بە شێوەیەكی گشتی.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند : "بڕیارە ئەم ھەفتەیە شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، چوونكە بەردەوامبوونی دانووستان پێویستە و رێككەوتننامەش پێویستە بەپێی دەستوور بكرێت و بۆ سەقامگیری ھەردوو حكوومەت بێت، بۆیە گەر بگەنە رێككەوتن، دۆخەكەش سەقامگیر دەبێت".

سەبری ووتیشی: "لێك نزیكبوونەوەی باش ھەیە و تەنھا ھەندێك ووردەكاری ماون، كە رەنگە ئەوانیش لەم چەند رۆژەدا یەكلا بكرێنەوە و بگەنە رێككەوتن".

لای خۆشیەوە، د. عەلا مەكی، سەركردەی سوننەكان ، رایگەیاند: "عێراق پێویستی بە سەقامگیری ھەیە بۆ ئەوەی بچێتە قۆناغێكی دیكە، تا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كاریگەرییان لەسەر نەبێت و بتوانێت سەقامگیری درووست بكات، بۆیە پێویستە دانوستانەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەردەوام بێت و بگەنە رێككەوتن، ئەمەش لە بەرژەوەندی ھەموو لایەكە و ھەرێمی كوردستان ناوچەیەكە بۆتە ھۆی سەقامگیری بۆ ھەموو عێراق، هەروەها سەقامگیری ھەرێم، واتا سەقامگیری ھەموو عێراق، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بگاتە رێككەوتن".

مەكی، گوتیشی: "پێویستە دانووستانەكان دوانەكەون و پەلەیان لێ بكرێت، چوونكە رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا دەبێتە ھۆی سەقامگیریی عێراق بە گشتی، بۆیە پێشبینی دەكەم ئەمجارە ھەردوولا بگەنە رێككەوتن، چوونكە بوونی كێشە لە نێوان ھەردوولا، دەبێتە ھۆی ناسەقامگیریی دۆخی عێراق".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە