بارزانییەکان - بەشی دووهەم

بارزانییه‌كان هه‌ر له‌ ساڵانی 1840ه‌كانه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ له‌ قوتابخانه‌ی ده‌وڵه‌ت نا به‌ڵكو له‌ قوتابخانه‌كانی خۆیان وه‌رده‌گرن. له‌دووای ساڵانی 1870اكان و 1880كانیش ئه‌و سه‌رده‌مه‌ زیاتر به‌ سیسته‌ماتیكیتر بوو. له‌ چاره‌گی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م و دوواتریش ئه‌و ره‌وشه‌ گۆرانكاری به‌سه‌ردا نه‌هات.


هه‌ر له‌ شێخ تاجه‌ددینه‌وه‌، واتا له‌ ساڵانی 1830یه‌كان  1840ه‌كانه‌وه‌ وا هاتووه‌. بارزانییه‌كان به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی عوسمانی له‌ كێشه‌دا بوون. كاتێك بارزانییه‌كان مایه‌ی باس بن لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان به‌ گشتی باس له‌ شێخه‌كانی بارزان و سه‌ركرده‌ ئاینییه‌كانیان ده‌كه‌ن. هه‌رچه‌نده‌ كێشه‌ی بارزانییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی عوسمانی سه‌باره‌ت به‌ داواكانی نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌رده‌م له‌ ریزی پێشه‌وه‌دا ده‌هاتن. بارزانییه‌كان به‌رده‌وام ئه‌و داواكارییانه‌یان باس كردووه‌. داواكاری وه‌كو " په‌روه‌رده‌ له‌ كوردستان به‌ زمانی كوردی بێت، ئه‌و فه‌رمانبه‌ر، والی و قایمقامانه‌ی له‌ كوردستان ئه‌ركیان پێ ده‌سپێردرێت با له‌ كورده‌كان بن" به‌رده‌وام داواكاری شێخه‌كانی بارزان بوون. شێخ عبیدوڵای نه‌هری له‌ شێخه‌كانی سه‌داتی نه‌هریش له‌ ساڵانی 1880اكاندا بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه‌وتووه‌ته‌ جوڵه‌.


داواكارییه‌كانی شێخ عبدالسلامی یه‌كه‌م و نه‌وه‌كه‌ی شێخ عبدالسلامی دووه‌م له‌و رووه‌وه‌، كێشه‌كانییان له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی عوسمانی ئاشكرایه‌. ئاشكرایه‌ كه‌ شێخ عبدالسلامی دووه‌م له‌ كاتی راپه‌رینێكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌ستگیر ده‌كرێت و له‌ساڵی 1916 له‌ موسڵ له‌سێداره‌ ده‌درێت. پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بگوترێت كه‌ ئه‌وه‌ی شێخ عبدالسلامی دووه‌می له‌سێداره‌ دا والی موسڵ سلێمان نظيف بوو كه‌ ئه‌ویش هه‌ر كورد بوو. پێویسته‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ سلێمان نظيفی شاعیر له‌ قوتابخانه‌ی ده‌وڵه‌ت په‌روه‌رده‌ بووه‌، له‌ چوارچێوه‌ی به‌هاكانی ده‌وڵه‌ت په‌روه‌رده‌ كراوه‌. له‌ ساڵی 1916 كه‌ شێخ عبدالسلامی دووه‌م له‌ موسڵ له‌سێداره‌ درا برا بچووكه‌كانی شێخ أحمد (1896 – 1969) بیست ساڵ و مه‌لا مسته‌فا بارزانی سێزده‌ ساڵان بوو.

 

پێویسته‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی بارزانییه‌كان بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌مێكی ئه‌م شێوه‌یه‌ نه‌چوونه‌ ژێر باری بیركردنه‌وه‌ی كه‌ بڵێن "با مسته‌فای برا بچووكمان له‌ قوتابخانه‌ی ده‌وڵه‌ت بخوێنێت". ده‌كرێ باس له‌ هه‌ندێك كه‌موكورتی ئه‌و جۆره‌ په‌روه‌رده‌یه‌ بكه‌ین به‌ڵام ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی به‌ كورده‌كانی ده‌به‌خشێت زۆر مه‌زنه‌ و به‌هاداره‌. بیربكه‌ینه‌وه‌ كه‌ دوو ده‌وڵه‌تی ئیمپریالیزمی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ (1920ه‌كان) به‌ریتانیای مه‌زن و فه‌ره‌نسا و دوو ده‌وڵه‌تی ره‌گداری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و كۆماری توركیا وه‌ك به‌رده‌وامیپێده‌ری ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی، ئیمپراتۆرییه‌تی ئێرانی و شانشینی ئیرانی نوێ وه‌ك درێژه‌پێده‌ری ئیمپراتۆرییه‌تی ئێرانی، ئه‌و چوار هێزه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌ماهه‌نگییان ده‌كرد، به‌ یه‌كخستنی هێز كه‌وتنه‌ سه‌ر كورد و كوردستان. توواندنه‌وه‌، له‌ناوبردنی ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ توانه‌وه‌ رازی نین سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تن. مانه‌وه‌ وه‌ك كورد له‌ سه‌رده‌مێكی ئه‌و شێوه‌یه‌، به‌ كوردی و كوردستانی مانه‌وه‌ زۆر گرنگه‌. ئه‌ویش به‌ په‌روه‌رده‌یه‌ك ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌كانی ده‌وڵه‌ت، له‌ كه‌شێكی زمان و كلتووری كوردی ده‌ست ده‌كه‌وێت.


طه‌ یاسین رمضانی ده‌سته‌ راستی صدام حسین (1938 – 2008( كورد بوو. كوردێكی موسڵ بوو... ئاشكرایه‌ كه‌ له‌ قوتابخانه‌كانی ده‌وڵه‌ت په‌روه‌رده‌ بووه‌، ئه‌ندامی پارتی به‌عس بووه‌، له‌ناو به‌عس به‌رز بووه‌ته‌وه‌. به‌لانی كه‌م صدام حسین دوژمنێكی كورد بوو، هاودژێكی كورد بوو. له‌نێو بیرۆكراتی ده‌وڵه‌ت كه‌ ئه‌نفال، قه‌تڵوعامی كورد، و هه‌ڵه‌بجه‌ی ئه‌نجامدا ده‌ستی هه‌بوو.


ژه‌نه‌رال عزیز وه‌یسی

ژه‌نه‌راڵێكی تر كه‌ له‌ تۆوه‌ گه‌وره‌ بووه‌ عه‌زیز وه‌یسییه‌. به‌ كورتی سه‌یرێكی ژیانی عه‌زیز وه‌یسی بكه‌ین سوودبه‌خش ده‌بێت. باوكی پێشمه‌رگه‌یه‌. له‌ شاخه‌. له‌نێو خه‌باته‌. باوكه‌ پێشكه‌رگه‌كه‌ی كاتێك له‌ شاخ له‌نێو خه‌باته‌ ئیداره‌ی به‌غدا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی. له‌ هێرشه‌كه‌ گشت خێزانه‌كه‌ به‌ بارمته‌ ده‌گرن "یا پێشمه‌رگه‌ له‌ شاخ دێته‌ خواره‌وه‌ و خۆی به‌ ده‌ست حكومه‌ت ده‌دات، یا خێزانه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌نێو ده‌به‌ین" ئه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدییه‌، ترساندنێكی زۆر جددییه‌.
پێشمه‌رگه‌ له‌ شاخ دانابه‌زێت و خۆ به‌ ده‌سته‌وه‌ نادات. خێزانه‌كه‌ به‌ منداڵ، پیاو و ئافره‌ت، گه‌نج و پیره‌وه‌ له‌نێو ده‌برێن. عه‌زیز وه‌یسی ئه‌و كاته‌ (1960ه‌كان) ته‌مه‌نی نۆ ساڵانه‌، له‌وه‌ ده‌گات كه‌ به‌سه‌ر خانه‌واده‌كه‌یدا هاتووه‌. ئیدی دووای ئه‌و رووداوه‌ بوون به‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ عه‌زیز وه‌یسی حه‌سره‌تێكی گرنگه‌...دووای بوون به‌ پێشمه‌رگه‌ش هه‌وڵ بۆ دامه‌زراندنی هێزێكی تایبه‌ت ده‌دات.


له‌ ساڵی 1990ه‌كان ده‌چێته‌ نێو ریزه‌كانی په‌كه‌كه‌. به‌هۆی هه‌وڵدانی بۆ دامه‌زراندنی هێزی تایبه‌ت، پلانه‌كانی له‌م رووه‌وه‌، هه‌ڵسوكه‌وت كردنی به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ده‌خرێته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌، لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. له‌و شوێنه‌ی تیایدا ده‌ستبه‌سه‌ر بوو هه‌ڵدێت و هانا ده‌باته‌ به‌ر پ.د.ك.


به‌هۆی هه‌وڵی بۆ دامه‌زراندنی هێزی تایبه‌ت و جوڵانه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌نێو پ.د.ك ده‌خرێته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌، لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. هه‌وڵ ده‌دات كه‌ فرسه‌تێك بدۆزێته‌وه كه‌ دیدارێك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی به‌ ده‌ست بهێنێت تا ئه‌و پلانانه‌ی به‌ راسته‌وخۆ بۆ ئه‌و باس بكات. ئه‌و دیداره‌ پێویسته‌. عه‌زیز وه‌یسی به‌ وردی هه‌وڵه‌كانی دامه‌زراندنی هێزی تایبه‌ت و پلانه‌كانی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بۆ مه‌سعود بارزانی شی ده‌كاته‌وه‌. مه‌سعود بارزانی به‌ ئه‌رێنی سه‌یری ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كات. داوای دابین كردنی گشت توانستێك بۆ عه‌زیز وه‌یسی له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و حكومه‌تی كوردستان ده‌كات.


عه‌زیز وه‌یسی ئه‌مرۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ركردایه‌تی هێزی زێره‌ڤانی ده‌كات. سوپای زێره‌ڤانی هێزی جه‌ندرمه‌ی حكومه‌تی كوردستانه‌. په‌رله‌مانی كوردستان پله‌ی ژه‌نه‌رالی به‌ عه‌زیز وه‌یسی داوه .

 

ئیسماعیل بێشیکچی

02.11.2020

 

نووسینەکانیتری نووسەر :  بارزانییه‌كان


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە