جەنگاوەری سیاسی بنێرن نەك پارلەمانتار
جەنگاوەری سیاسی بنێرن نەك پارلەمانتار
بڕیارێكی سەختە میللەتێك دەنگی بە سەربەخۆییدا بێت، دیسان بچێت و بەشداری هەڵبژاردن بێت لە دەوڵەتێكدا كە سەدساڵە ئازاری داوە. دەوڵەتی عێراق كوردستانی جینۆسایدكرد و شەراكەتی خستە ژێر پێی خۆی. لە دوای 2003 دەستووری پێشێلكرد و ئابڵۆقەی خستە سەر كوردستان. لە شەڕی داعشدا یارمەتیی كوردستانی نەدا. ئەو دەوڵەتە نەیتوانی ڕێز لە دەنگی ئاشتیانەی گەلی كوردستان بگرێت و زمانی شەڕ و گرژی و سەپاندنی بەكار هێنا.
عێراق دوای سەد ساڵ بۆ ئەو زمانەی بەكار هێنا؟ بەشێكی بۆ خودی كوردەكان دەگەڕێتەوە كە لەبەر بەرژەوەندیی بەرتەسكی حزبی نەیانتوانی مەزن بن و بە شانازییەوە بوونە ڕێگر لەبەردەم سەربەخۆیی. بەڵام هۆكاری سەرەكی بەغدا بوو كە بە شیعە و سووننەیەوە ئەسیری عەقلیەتێكی نكۆلیكار و شۆڤینین و ناتوانن مافێكی خودایی بە گەلێكی مەزلووم بە ڕەوا ببینن. دراوسێكانیش بە هەمانشێوە بە زبری و دوژمنكارانە دوان و جیهانیش كە سیاسەتكردن لەسەر بنەمای بێپڕەنسیپی دەبینێت خۆی لە ئەو بێویژدانییە گێل كرد كە دەرهەق گەلی كوردستان كرا.
لە بەرانبەر ئەو ئەكتە خەراپەی بەغدا و جیهان و دراوسێكان خۆزگە لایەنە كوردستانییەكان بەیەكەوە بڕیاری بایكۆتیاندا با و كەس بەشداری هەڵبژاردن نەبا بەڵام كە حزبەكان ئەوەندە بوێر نەبوون بڕیارێكی ئەوها بدەن ئێستا ئێمە لە قۆناغێكی تازە و سەختداین بیریشمان نەچێت لە بەغدا كارەكتەرەكان هەر لە شوێن خۆیان ماون، عەقلیەتی شۆڤینی پابەرجایە، بەغدا هەر كات بكەوێتە هەڵوێستی هێزەوە دەست لە پەڕوباڵكردنی كوردستان ناپارێزێت.
بۆیە هەر كەسێك بیەوێت ببێتە نوێنەری كوردستان لە بەغدا دەبێ بە پلەی یەكەم بەدڕەوشتییەكانی بەغدای لەبەرچاو بێت، دەبێ باش بزانێت كە دەستپێكی مێژوو ئێستا نییە بەڵكو مێژوویەكی هاوبەشی سەدساڵەی پڕ لە كێشەمان لەگەڵ بەغدا دا هەیە.
ئەوەی دەیەوێ بچێتە بەغدا دەبێ بۆ شەڕكردن بچێت لەسەر مافەكانی كوردستان. ئەو شەڕە بە خەڵكی لاواز و ئیمتیازخواز و مشەخۆر ناكرێت. لە ڕاستیدا كوردستان دەبێ كۆمەڵێك جەنگاوەری سیاسی بنێرێتە بەغدا چونكە ئەوەی هەیە جگە لە جەنگ شتێكی تر نییە.
خەڵكی كوردستان دەبێ ئەو كەسانە بنێرن كە بەرگریكاری سەرسەختی سەربەخۆیین، دەبێ ئەوانە بچن كە ڕۆحی پێشمەرگە و خۆنەویستی و چاونەترسی هەوێنی كەسایەتییەكەیانە. ناكرێ ئەو كەسانە بچنەوە بەغدا كە عێراقچی و بەرگریكاری حەشد و كارە قێزەوەنەكانی دەستەڵاتدارانی بەغدان و لەسەر قوماری سیاسی ڕاهاتوون. نابێ ئەو كەسانە بچنەوە كە لە بەغدا لەبری كاركردن بۆ كوردستان گوێڕایەلی دەزگە هەواڵگرییەكانی هەرێمایەتیی ناو باڵوێزخانەكان بن. ئێمە جەنگێكی سەختمان لە پێشە، ئەو جەنگە بەو كەسانە ناكرێ دەنگیان بە حەشد داوە و ڕاوێژی بڕینی قووتی كوردستانیان بە بەغدا داوە. ناكرێ دەنگ بەو تەرزە كەسانە بدرێت كە تەنیا خۆیان دەبینن و پێشتریش ڕاوێژیان داوەتە بەغدا بۆ ئەوەی چەك لەدژی میللەتی كورد بە كار بهێنن.
نوێنەرانی كوردستان نابێ ئەو كەسانە بن كە ئەركیان تێپەڕاندنی یاسا بێسەروبەرەكانی عێراقە. نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا دەبێ دانوساندنكار بن نەك بەشێك لە میكیاجی پڕۆسەی سیاسیی عێراق. دەبێ وەك ئەو شیعە و سووننانە بن كە لە پارلەمانی عێراقدا هەوڵ بۆ تاییفەكانیان دەدەن. كارەساتە ئەگەر دیسان خەڵكی كوردستان دەنگ بەو ژن و پیاوە پارلەمانتارە بێ ئابڕوویانە بدەن كە لە شاشە عەرەبییەكاندا بەردیان لە گەلی كوردستان دەگرت و زمانحاڵی دوژمن بوون. نابێ دیسان لە بەغدا دەنگی بۆگەنی داگیركار لە قورگی كوردێك بێتە دەر.
ئەم بابەتە 11997 جار خوێندراوەتەوە