ئامانجی تورکیا کوردەکانن نەوەک تیرۆر
لەڕاستیدا هیچ کەسێک باوەڕ بەو هەڵیت و پەڵیتە ناکات کە دەگوترێ تورکیا تەنیا کوردە "تیرۆرستەکان'' دەکاتە ئامانج. ئیدی هیچ شاراوەییەک نەماوە کە لەو شەڕەی بە ناوی "کانیی ئاشتی" دەستیپێکراوە، کێ و چی کراوەتە ئامانج.
'لەناوبردنی کورد، هەڵکێشانیان لە زێدی خۆیان و جێگیرکردنی کۆچبەرە عەرەبەکانی تورکیا لە شوێنیاندا. هەڵچنینی دیوارێکی گۆشتن لە نێوان ئەو کوردانەی باکوور و باشووری رۆژئاوا کە بە تەلبەند جیاکراونەتەوە، تەنانەت قەدەغەکردنی زمانی کوردی'
بەڵام کەسانێک هەن کە هێشتا پەردەپۆشی ئەو سیاسەتە دوژمنایەتییەی تورکیا دژی کوردەکان دەکەن. هەندێک کورد هەن لە هەر هەلومەرجێکدا لە تەک دەسەڵاتدا دەوەستن و لەپێناوی بەرژەوەندی و پێگەی سیاسییان بێدەنگ و سەدا چاودێریی پێشهاتەکان دەکەن.
هەتا جامبازی سیاسیی وەها لە سیاسەتی کورددا هەن کە نەگەیشتوون بەو پێگەیەی خەونی پێوە دەبینن، هەر بۆیە بە چوار چاوەوە چاوەڕوانیی شکستی پەیەدە دەکەن، بوونی ئەوانە یەکێکە لە تراژێترین لایەنی بابەتەکە.
هەروەها کوردانی ئیسلامی ناسنامەی ''ئەنتی ئەمپریالیست''...
بێزارنابن لە دووبارەکردنەوەی سەر کۆپلەی "کوردی لێ نین، بەڵکو تیرۆرستانی پەکەکە-پەیەدە هەن...
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەو کەسانەی ئەم سەر کۆپڵەیە دەڵێنەوە نازانن کۆماری تورکیا بەر لە ''تیرۆرستانی'' پەیەدە، ''تیرۆرستانی'' ئەنەکەسەی کۆتاییپێهێناوە.
کێ ناڵێ! بۆی هەیە ئەنەکەسە خۆیشی پەی بەوە نەبردبێ کە چۆن ناچالاک کراوە.
ئەو داروپەردووەی ئۆباما لە رۆژئاوا جێیهێشت...
هەروەک دەزانرێت لە 18 کانوونی یەکەمی 2010 لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا و وڵاتانی عەرەبیدا سەرهەڵدانێکی گەل بە ناوی بەهاری عەرەبی دەستیپێکرد. جا ئەمە لە 15ی ئاداری 2011 لە سووریا رەنگیدایەوە. لە ماوەیەکی کەمدا بە هەموو وڵاتەکەدا بڵاوبووەوە.
هەر ئەو کاتە بەشار ئەسەد تێگەیشت لەوەی سەرهەڵدانی کوردان وەکو سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن نابێت، ئەوەبوو لەگەڵ کورد دەستی بە دیدار کرد.
ئەوکاتە هێشتا یەپەگە و یەپەژە نەبوون، تەنیا پەیەدە هەبوو کە لەلایەن عوسمان ئۆجالانەوە دامەزرابوو، ئەویش بەهێز نەبوو. چونکە رژێمی سووریا بەهۆی واژۆکردنی رێککەوتننامەی ئەدەنە رێبەری پەکەکە ئۆجەلان و رێکخراوەکەی دەرکردبوو و بواری بەو کەسانەش نەدەدا کە نزیک بوون لەو رێکخراوە.
لەبەر ئەوە نوێنەرانی ئەسەد سەرەتا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا و دواتریش لەگەڵ بەرپرسانی پارتەکانیتردا دەستی بە دیدار کرد. پێشنیازی ئەوەی کرد کوردەکان خۆیان بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان بکەن و بەڕێوەی ببەن.
کۆماری تورکیا کە پەی بە بابەتە دەبات، دەستوەردان دەکات و بابەتەکە هەتا سەرۆک بارزانی و ئۆباما دەڕوات.
ئۆباما بۆ دامرکاندنەوەی دۆخەکە گوتی ئەسەد ئەوپەڕی 4 مانگیدیکە دەتوانێ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. واتا بۆ ئەوەی تورکیا تووڕە نەکات، پەیامی ''ئارام بگرن''ی بە کوردەکان دا. ئەمە لەکاتێکدایە ئەو ئەسەدەی ئۆباما 4 مانگی بۆ دانابوو، هێشتا رێک و قیت لەسەر پێیەکانی وەستاوە.
نوێنەرانی ئەسەد کە پێشنیازی ئەوەیان کردبوو کوردەکان خۆیان ناوچەکانیان بپارێزن، دوای رەتکرانەوەی پێشنیازەکەیان هانایان بردە بە قەندیل. لەدوای ئەوە پەیەدە بە هێزەوە لە قامشلۆ جێگیر بوو.
لەو سەرەدەمانەدا پەیەدە گرنگیی بەوە دەدا لەگەڵ تورکیا لە نێو ئاشتەواییدا بێت. لەگەڵ ئەنقەرە پەیوەندییان دروستکرد. سەرەڕای ئەوەی سیاسەتێکی هاوشێوەی بەتورکیاییبوونی هەدەپەیان جێبەجێکرد، بەڵام چیی کردیان نەیانتوانی پەسندنامەی ئەنقەرە بەدەستبهێنن. دوای ماوەیەک هاتوچۆیان بۆ تورکیاش هەڵپەسێردرا.
پەیەدە. کە لەگەڵ رژێمدا لە ئاشتەواییدا بوو، بەهۆی قەندیلەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێرانیشدا پێشخست
لێرەدا پێویستە ئەمە روونبکرێتەوە؛
هۆکاری رەتکرانەوەی پەیەدە لەلایەن تورکیاوە ئەوەبوو کە پەیەدە رەتیکردەوە هاوشێوەی ئۆسۆ (چەکدارانی سوپای سووریای ئازاد) بێت. پێشتر ساڵح موسلیم گوتی "دەیانەوێ ئێمە هاوشێوەی سەربازانی تورک دژی شام شەڕ بکەین. ئێمە ناتوانین ئەم کارە بکەین".
دواتر هەمان ئەم هەڵوێستەی پەیەدە لە بەرامبەر رژێم و ئێرانیش وایکرد پەیەدە بە تەنیا بمێنێتەوە.
تورکیا کە ئەنەکەسەی وەستانبوو، ئەمجارە دەیویست پەیەدە بوەستێنێت، ئەوەبوو رێکخراوی تیرۆرستیی داعشی ناردە سەر پەیەدە. ئامانجیشی لەباربردنی ئەو ستاتۆ کوردییە بوو کە لە داهاتوودا دروستدەبێت. داعش هەتا دەروازەکانی کۆبانێ چوو. لەکاتێکدا حساباتی "کۆبانێ دەکەوێت و ها بزانە کەوت" لە ئەنقەرە دەکرا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە پێشڕەویی ئەمریکا تەدەخولی کرد و کۆبانێ نەکەوت.
کوڕ و کچە گەنجەکانی کورد, ئەو مەخلووقە ریش چڵکن و زەردباوە تینوو بە کۆمەڵکوژییانەیان تووشی شکست کرد.
تورکیا کە نەیتوانی لەڕێی داعشەوە بەر لە سەرکەوتنەکانی کورد بگرێت، ئەمجارەیان هەوڵیدا لەگەڵ ئێران و رووسیا ئەم کارە بکات. تورکیا کە خەونی نوێژکردنی لە شام هەیە، رازی بوو بەوەی بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی نیشتەجێ لە چەند ناوچەیەکی حەلەب لەلایەن رووسیا، ئێران و حیزوڵا بکرێنە دەرەوە. ئەم راوێژکارییە کە بە تامی زۆرانبازی بوو، رەزامەندیی رووسیای بۆ داگیرکرانی عەفرین لەلایەن تورکیاوە بەدوای خۆیدا هێنا. ئامانجی رووسیا پاراستنی بنکەکانی بوو لە سووریا ، تورکیاش ئامانجی ئەوەبوو گورز لە دەستکەوتەکانی کورد بوەشێنێت و لەم چوارچێوەیەدا ستراتیجیەتی هاوبەش پێشبخات. جا کۆبوونەوەکانی ئەستانا و سۆچی لەسەر ئەم بنەمایە سازکران و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش بەڕێوەدەبرێن.
رووسیا و تورکیا بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە ئامانجەکانیان دژی کورد نییە، دەبوو گرووپی کوردی لەگەڵیاندا بن. ئەنەکەسە کە لەلایەن پەیەدەوە پەسندنەکرا و لەسەرەتاکاندا دووچاری هەموو جۆرە گوشارێک بووەوە و دواتر لە رۆژئاوا دەرکرا، تاکە کاندیدی ئەم کارە بوو. ئەنەکەسە دواتر داخڵی ئەو کۆمیسیۆنەی دەستوور کرا کە بیرۆکەی رووسیا، تورکیا و ئێران بوو. بەڵام هەندێ لە ئەنەکەسە کوردستانییەکان کە هەڵوێستی پێچەوانەیان بە سیاسەتەکانی تورکیا هەبوو، لە تورکیا دەرکران. تەنانەت لە کۆمیسیۆنی دەستووری سووریاش دەرکران و ئەندامی دیکەی ئەنەکەسە کە دڵسۆزی تورکیا بوون لە شوێنەکانیان دانران.
تورکیا بەوەوە ناوەستێ کە دەستکەوتەکانی باشووری رۆژئاوای کوردستان لەبارببات، هاوکات پلانداڕێژی بۆ دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم دەستکەوتەکانی باشووری کوردستانیش دەکات.
دەسەڵاتی شەڕخواز دوای داگیرکردنی عەفرین گوتی "رێڕەوی پلان بۆ داڕێژراومان لەبار برد" هەروەها بابەتی ئۆڤاجیکی دیسانەوە خستەوە رۆژەڤ کە بەمە هەم دەیویست باشوور و باشووری رۆژئاوای کوردستان لەیەکدی دابڕێنێت، هەمیش دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کە شادەماری کوردستانە، لاواز بکات. واتا باشوور مەحکوومی بەغدا بکات.
لە ئەنجامدا؛
تورکیا کە نایەوێ لە باشووری رۆژئاوای کوردستاندا ئەنەکەسە ببینێت، نەیتوانی ئاستەنگ لەبەردەم پەیەدە-یەپەگە دروستبکات بۆ ئەوەی نەبنە دەسەڵات.
ماوەتە بڵێین، لەسایەی ئەو پەیوەندییانەی پەیەدە-یەپەگە لەگەڵ رۆژئاوا هەیانە، پێویستە ببینرێت کە بە شێوەیەکی بەرچاو دەستیان لە سیاسەتی وەدەرنان و تەسفیە هەڵگرتووە و هەوڵ و تەقەڵا بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیی کورد دەدەن.
هەڵگێڕ و وەرگێڕکردنی هەڵوێستەکانی پێشووی پەیەدە تەنیا لە بەرژەوەندیی (تورکیا) دەسەڵاتی شەڕەنگێزیدایە. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە تەور لەو تابلۆی دەستکەوتە ناوازەیەی کوردان بوەشێنێت کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەدەستیهێناوە. پێویستە ئەم تابلۆ دەستکەوتووە، تاجی یەکێتی و هاوپەیمانێتیی کوردانی بخرێتە سەر.
پێویستە چیی زووە هەڵسەنگاندن بۆ بانگەوازەکانی مەزڵووم کۆبانێ بکرێت.
کاتێک دێینە سەر برا کوردە بێدەنگە ئوممەتخوازەکانمان،
ئەها کە بۆ فەڵەستینییەکان دەڕژانە سەر شەقامەکان،
ئەها کە لەپێناوی قودس شەوو رۆژتان نەدەزانی و لە هەموو گۆشەیەکەوە خۆپێشاندانتان رێکدەخست.
ئەها کە ئەو ستەمەتان بە نەفرەت دەکرد کە لەو دیوی جیهانەوە بەرامبەر موسڵمانان دەکرا،
ئێستا بۆ کەمێکیش بێت، وازبێنن لەوەی لە دوورەوە بەدوای تاوانباراندا بگەڕێن و ئەو ستەمە ببینن کە لە بەر دەرگاکانتانەوە تەشەنە دەکات.
ئیدی ئەو کۆمەڵکوژییە ببینن کە ئەوانەی سەدان ساڵ لەمەوبەر بە کورد دەڵێن "برا"، هاوشانی وەحشیگەرترین رێکخراوی جیهان دژی کورد دەستیان پێکردووە، ئیتر بەسە...
هیوادارم هۆکاری بێ چالاکییەکانتان لە بێ بەزەییبوونی دەسەڵاتی شەڕانگێزەوە سەرچاوەی گرتبێت.
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە