کوردەکان سزای نەبوونی 'ستراتیجییەتی نیشتمانی' وەردەگرن
گەلی کورد بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕدەبێت.
سیاسەتی پاکتاویی تورکیا لە دژی باشووری رۆژئاوای کوردستان، هەروەها ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لەم ماوەیەدا دەیانکات، جارێکی دیکە بە ئێمەی نیشاندەدات کە کوردان پێویستە چ ستراتیجییەک بۆ قۆناغی ئایندە پەیڕەو بکەن.
کوردی باشووری رۆژئاوا، بە 'سیاسەتی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست' بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ناچارە یاریی شەترەنج لە نێو ئەم دۆخە هەنووکەییەدا بکات کە رووسیا، تورکیا و ئێران رەخساندوویانە.
ئەمەش کارێکی وەها ئاسان نییە!
کوردستانی رۆژئاوا کە بە کوردپەروەر و یەکێک لە ناوەندە کولتوورییەکانی کورد دادەنرێ، لەگەڵ رژێمێکدا بەرانگژە کە تەواوی جیهان نەیتوانیوە بیچەمێنێتەوە.
بە هەمان شێوە ئەمەش کارێکی ئاسان نییە!
تورکیا ئەندامی دامەزراوەیەکی تایبەت بە وڵاتانی دیموکراسییە کە ئەویش ناتۆیە، سەرەڕای ئەوەی لە رۆژی دامەزرانییەوە بانگەشەی وڵاتێکی هاوچەرخ و دیموکراسی بۆ خۆی دەکات، بەڵام زمانی دایکی کوردان پەسند ناکات و ئەو زمانە بەکارناهێنێت.
ئەگەر سەیری باشووری کوردستان بکەین، دەبینین سەرەڕای گرفتەکان، بە جۆرێک لە جۆرەکان بەردەکان لە شوێنی خۆیام قاییم بوون. بەڵام بەهۆی پابەندبوون بە سیاسەتی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی ناتوانن ببنە وەڵامێک بۆ داواکاریی رەوا و چاوەڕوانیی کوردانی پارچەکانیتر.
بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم چاوەڕوانییانەش هەروەک دەبینرێت، ئاسان نییە!
***
رێک لەم خاڵەدا هەڵوەستە لەسەر گوتەکانی مۆشە دایان (Moshe Dayan) دەکەین کە یەکێکە لە ئەندازیارانی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل. ئەو لەمیانی رێپۆرتاژێکی لەگەڵ رۆژنامەنووسێک ئەم قسانەی کردووە.
کاتێک رۆژنامەنووسەکە مۆشە بە جەنەڕاڵێکی باش ناودەبات، مۆشە دایان ئاماژە بە بوونی جەنەڕاڵی زۆر باشتر دەکات.
رۆژنامەنووسەکە کاتێک رووبەڕووی وەڵامێکی چاوەڕواننەکراو دەبێتەوە، روو دەکاتە مۆشە و دەڵێ، "دەمەوێت ناوی یەکێک لەو جەنەڕاڵانەم پێ بڵێیت کە لە تۆ باشترن".
کاتێک مۆشە دایان دەڵێ مستەفا بارزانی جەنەڕاڵێکی لە ئەو باشترە، رۆژنامەنووسەکە دووبارە بە سەرسوڕمانەوە لێی دەپرسێت، "ئەگەر مستەفا بارزانی جەنەڕاڵێکی لە تۆ باشتر بووایە، هەروەک چۆن ئێوە دەوڵەتی ئیسرائیلتان دامەزراند، ئەویش دەوڵەتی کوردیی دادەمەزراند". دایان لە وەڵامی ئەمەدا دەڵێ، "ئەگەر منیش سەرکردەی کوردستان بووایەم، نەمدەتوانی دەوڵەت دابمەزرێنم". هەروەک دیارە مۆشە دایان هەلومەرجی سەختی کوردانی لە یەک رستەدا پوخت کردووەتەوە.
بەڵام گوتنەوەی ئەم دۆخە هەر بەمجۆرە دەمێنێتەوە، بە مانای قەبووڵکردنی هەلومەرجەکە و ملکەچ بوون بەرامبەر ئەم دۆخە دێت. ئەم قەبووڵکردن و ملکەچ بوونە لە بەرامبەر هەلومەرجەکان، گەورەترین ئاستەنگن لەبەردەم پێشکەوتن و گەشەکردن.
کوردەکان کە لەسەریانە و ناچارن هەموو جۆرە ئەزموونێکی ناوچەکە و جیهان بە باشی هەڵبسەنگێنن، سەرەڕای هەموو هەلومەرجە سەختەکان، شێوازی خەبات بگۆڕن و بەردەوام بڕۆنە نێو کەشی 'وەرچەرخانێکی ئەرێنی'.
ئەو کوردانەی لە دەرەوەی باشوورن، چاوەڕوانیی حەقانییان لە هەولێر هەیە. بەڵام پێویستە ئەمە جەختی لەسەر بکرێتەوە کە ئەو 'چاوەڕوانییە حەقانیانە' بەو مانایە نایەن کە باشوور شەڕ بۆ پارچەکانیتر بکات. بەڵام پێویستە باشووریش تێبگات لەوەی مەسەلەی کوردستان هێندەی ئەوە گەورەیە کە لە 'هەولێر-دهۆک-سلێمانی' قەتیس ناکرێت.
سەرۆک بارزانی چەندین جار جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە هێڵی نەتەوەیی بە بنەما وەربگیرێت، بەڵام هیچ کۆنسێپتێک بەرهەم ناهێنرێت کە لەم بابەتەدا پشتگیریی ئەو بکات. هەڵبەتە ئەم کێشەیە ئەوە نیە کە تەنیا بە سەرۆک بارزانی و هەولێرەوە سنووردار بێت و بەس. بەڵکو پێویستە کوردانی پارچەکانیتری کوردستان بە حەقانیەتەوە هەڵوەستە لەسەر ئەم بابەتە بکەن.
کوردانی باشوور بیانەوێت و نەیانەوێت، پێویستە ئەمە بزانن کە رۆڵیان لە بڕیاری مەرجەعیی سەبارەت بە کوردان هەیە و پێویستە پەی بەوە ببەن کە لە پێگەی 'رێبەریکردن لە پێشکەوتنی ستراتیجیەتی نەتەوەیی'دان.
پێشکەوتنی ستراتیجیەتی نەتەوەیی بەو مانایە نایەت کە کوردانی باکوور و رۆژهەڵات، باشووری کوردستان وەکو بنکەی سەربازی بەکاربهێنن. ئەگەر نزیکترین نموونە وەربگرین، پەکەکە بە بێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەستیاری باشوور، لە ناوچەکەدا بە ویستی خۆی چالاکیی وەها دەکات کە نزیکە لەوەی دەستکەوتەکانی کورد بخاتە مەترسییەوە.
هەولێر تاوەکو ئێستا هیچ ستراتیجییەکی لەمەڕ ئەو رێکخراوانەدا نەبووە کە هێشتا گفتوگۆیان لەسەرە. هەروەها هەرێمی کوردستان هیچ سیاسەتێکی وەهای پەیڕەو نەکردووە کە ببێتە هۆی پێشگیری لەو رێکخراوانە. بە لۆژیکی 'ئەو مارەی بە منەوە نادات، با هەزار ساڵ بژی' هەڵسوکەوت دەکات. لەکاتێکدا 'بەڵا راستەقینەکە' لە باکوورەوە تاوەکو دەرگای باشوور هات و ئەمە تاوەکو ئێستاش هەر گەورەترین کێشەیە بۆ باشوور.
پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەو پێشنیاز و هۆشدارییانەیان بە هەند وەرگرت کە پێیاندران و بێ جیاکاری، خۆیان بە دوور گرت لە چالاکییە سەربازییەکانیان لە دژی ئێران.
سەرەڕای ئەوەی ماوەی 30 ساڵە لەبەر خاتری ئەوەی زیان بە باشووری کوردستان نەگات هیچ چالاکییەکان نەدەکرد، بەڵام لە دیدی ئێرانەوە بە 'خولقێنەری هەڕەشەی گەورە' دەبینرێن و بە پێویستی دەزانێت پاکتاو بکرێن.
دەکرێ باشوور خۆشنوود بێت بەو نەبوونی چالاکییە بەڵام کێشەکە هەر وەک کێشە ماوەتەوە و چاوەڕێ دەکات بگاتە چارەسەر.
لەم خاڵەدا رەخنەیەک جێگەی خۆیەتی؛ بە داوای لێبوردنەوە دەڵێم، هیچ کەسێک ناتوانێت نە داوا بکات و نە چاوەڕوان بێت هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 30 ساڵی دیکە بێدەنگ بن.
سەرەڕای ئەوەی یەک فیشەکیان نەتەقاندووە، لە ساڵانی 90'کانەوە تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 500 ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبەکانیتر رادەستکرانەوە. دەبینرێت ئێستا مەترسییەکی گەورەتر لە ئارادایە.
***
پێویستە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هەموو جیهان چی بێت، بۆ کوردانی باشووریش هەمان شتە. ئەم دۆخە بەرپرسیاریەتییەکی وەها ئاسان نییە.
پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانیەکان کە وەکو پێگەی کوردایەتی و قەڵای کوردان قەبووڵدەکرێن، سەرەڕای بوونی کێشەکانی سلێمانی و بەغدا، لەسەریانە بە خێرایی کۆنسێپتێکی دیپلۆماسی بەرهەم بهێنن!
بە روونی دەزانرێت کە ئێران یەکێکە لە رۆڵگێڕە سەرەکییەکانی کێشەکانی سلێمانی وبەغداد. ئەگەرچی هێزەکانی کوردانی باشووری رۆژهەڵات بێ چالاکی بوون، بەڵام ئێران هەموو ئەو کێشانە لە ئێمە دەزانێت کە دەرگای لێ گرتووە. باشوور ئەگەر خۆی بە 'سەرکردە' بزانێت، پێویستە سیاسەتی گرنگ لەمەڕ کێشەکانی ناوچەکە پێش بخات و بەمجۆرە رێ بکات.
با دیسانەوە جەخت لەسەر ئەمە بکەینەوە و دووبارەی بکەینەوە 'بەرهەمهێنانی کۆنسێپت بە مانای پێشخستنی ستراتیجییەک دێت' و هەرگیز بە مانای شەڕکردن لەگەڵ ئێران و تورکیا نایەت.
ئەگەر ئەمڕۆ سەیربکەین دەبینین گەورەترین چەکی سەردەم بریتییە لە 'میدیا، سەرمایە و دیپلۆماسی'. لە باشووردا سەرمایە هەیە بەڵام دیپلۆماسی نییە. تەنانەت بە هیچ شێوەیەک نییە...!
بە هەمان شێوە میدیا لە دەستی کەسەکاندا بووەتە 'تۆپی پێ' کە ئەمە بە روونی دیارە. دوای یاسادانان، راپەڕاندن و داد چوارەمین هێزی جیهان میدیایە.
ئەگەرچی میدیای باشوور لە رەهەندی پۆرتفۆلیۆ دامەزراوەییە، بەڵام بەداخەوە لەبەر بەرژەوەندیی تاکە کەسی چووەتە دەستی تاکە کەسەوە. لە میدیای باشووردا هاوشێوەی دیپلۆماسی، فەلسەفەی 'ئەو مارەی بە منەوە نادات با هەزار ساڵ بژی' جێگیرە.
ئەگەر چالاکییە دیپلۆماسییەکان، ناحەقییە نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییە سیاسییەکان، هێرشەکانی سەر خاکی نیشتمان و هتد... لەڕێی میدیاکانەوە بە باشی بڵاونەکرێنەوە، بە دڵنیاییەوە ئەو وڵاتە دوادەکەوێت.
لە تەواوی ئەم بابەتانەدا دواکەوتن لەو هەنگاوانەدا روودەدەن کە پێویستە بنرێن و سستی روودەدات. چونکە لە باشووردا دابەشکردنی ئەرکەکان بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە ناکرێت. سەرەڕای تەواوی گوتە و هۆشدارییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی، هێشتا پەیوەندیی خزم خزمێنەی سیاسی (نێودەوڵەتی) سەختیی دروستکردووە.
***
دوایین نموونەی ئەمەمان لە کار و چالاکییەکانی دیاسپۆرادا بینی.
باشوور تاکە قەڵای کوردایەتی و کوردستانە. ئەم قەڵایە تەنیا بە کوردانی هەولێر-سلێمانی-دهۆک ناپارێزرێت و بەڕێوەنابرێت. قوربانیەکانی کوردانی رۆژهەڵات و باکوور، بەتایبەتیش قوربانییەکانی باشووری رۆژئاوا کەم نین.
پێویست ناکات زۆر دووربکەوینەوە. لە چەند رۆژی رابردوودا سەرکردەی هەسەدە مەزڵووم کۆبانێ کاتێک گوتی "چاوەڕێی هاوکاری لە براکانمان لە باشوور دەکەین"، ئاماژەی بەو مافە کرد کە کوردان بەسەریەکەوە هەیانە. (کاتی هاتووە با ئەم رەخنەیەش بگرین، مەزڵووم کۆبانێ بەر لەوەی ئەم بانگەوازە بکات، دەیتوانی دەست بە کاروباری یەکینەکان بکات کە هەڵپەسێردراوە)
باشوور کە ماوەی 30 ساڵە لە هەموو بارودۆخێکدا تێکۆشانی لە دژی ئەو مەترسییانە کردووە کە رووبەڕووی بوونەتەوە، بەرگریکردنی بە بنەما وەرگرتووە. بەڵام هەنگاوێکی وەهای نەناوە کە ببێتە هۆی ناچالاککردنی مەترسییەکان.
ئیدی پێویستە ئەم دۆخە گۆڕانکاری بەسەردا بێت. چونکە ئەو کوردانەی پشتگیری لە باشوور دەکەن، ئەوانیش ئەم گرفتە بەمشێوەیە دەبینن.
هەروەک مۆشە دایان ئاماژەی پێکرد، کوردبوون ئاسان نییە. بەڵام کوردانیش هاوشێوەی جووەکان لە هەموو گۆشەیەکی جیهاندا گەلێکی رێکخراوەیین. لەکاتێکدا ئەم تایبەتمەندییە بۆ دروستکردنی دیپلۆماسیەت و لۆبی، نایاب و گونجاوە.
هەڵبەتە ئێمە ناتوانین داوا لە حکومەتی باشوور بکەین هەموو شتێک بکەن. بەڵام هیچ نەبێت هاوشێوەی پەکەکە لە هەموو گۆشەیەکی وڵاتانی ئەوروپاوە وەکو زنجیرە مارکێتەکان رێکخراوەییەکی کوردی و کۆنسێپتێکی یەکدەست دروستبکەن.
پەکەکە، بەهۆی ئەوەی لە لیستی تیرۆری نێودەوڵيتییە، لە زەمینەی دیپلۆماسیدا بە هێند وەرناگیرێت.
بەڵام باشوور، سەرەڕای ئەوەی هاوپەیمانیی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا هەیە، هێندەی پەکەکە رێکخراو نییە.
لەپێناوی دروستکردنی دۆخێکی وەها و پێشخستن و بڵاوکردنەوەی، پێویست بە مستەفا بارزانییەک یانیش مۆشە دایانێک ناکات. تەنیا پێویست بە هەژموونی دیپلۆماسی، کەسانی دروست و کەسانی نیشتمانپەروەر بۆ گەیاندنی دەرەنجامی ئەو بڕیارانەی لە لۆبییەکانەوە دەردەچن، تا بیگەیەننە پێگە مەرجەعییەکان.
ئەگەر حکومەتی باشوور هەنگاوی جددی لەبارەی ئایندە نەنێت، لە ئایندەدا رووبەڕووی کێشەی زۆر گەورە دەبێتەوە. لەو دۆخەدا تاڵترین دەرەنجام لەدەستدانی ئەو کوردانەیە کە پشتیوانیی لێدەکەن.
پەندێک هەیە دەڵێ "ئەگەر لەکاتی پێویستدا لەو شوێنەدا نەبیت، لە هیچ شوێنێک نابیت".
کورتە و پوختەی کارەکە ئەمەیە.
باشووری کوردستان لەم بابەتەدا یان دەبێت ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدات، یانیش ئەو دەنگانە زیاتر دەبیستێت کە بەرز دەبنەوە.
رۆژهات ئامەدی
11-12-2022
خاتوو ئامنا نموونەیەکی زیندووی سەرهەڵدانی بارزانییەکانە
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە