کۆچی دوایی نەجمەدین کەریم و ئەو بەهایەی یەکێتی و پەکەکە بە هاوڕێبازانی پێشوویان دەدەن

گەیاندنی پەیامی سەرەخۆشی لە خانەوادە، ناسیاو، دۆستان و ئەندامانی بنەماڵەی کۆچکردوو، هەروەها هاوخەمی دەربڕین و ئەگەر گونجا بەشداریکردن لە مەراسیمی ناشتنیدا مەسەلەیەکی ئەخلاقییە.

بەتایبەتی ئەگەر کەسی کۆچکردوو ساڵانێک لەمەوبەر هاوڕێباز و هەڤاڵت بووبێت لە بزووتنەوەیەکی سیاسیدا، ئەوکاتە دەبێت وەکو خاوەن پرسە هەڵسوکەوت بکەیت، چونکە لەدەستدانی هاوڕێیەک وەکو لەدەستدانی ئەندامێکی خانەوادە وایە.

کۆچی دوایی د نەجمەدین کەریم بەسە بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لە هەڵوێستی پارتە کوردییەکان لەم بابەتەدا بکرێت. مرۆڤ بیەوێت و نەیەوێت ناچار دەبێت شت لەسەر ئەمە بڵێت. بیر لەوە بکەنەوە پارتەکەتان کە ساڵانێک خزمەتتان کردووە، لەکاتی کۆچی دواییتان تەنانەت بڵاوکردنەوەیەک پرسەنامەیەک بە پێویست نازانێت.

بۆچی؟

چونکە ئەو کەسەی کۆچی دواییکردووە ئیدی هاوشێوەی جاران بیرناکاتەوە و رەخنە لە پارتەکەی پێشووی دەگرێت.

پارتەکەی پێشووشی تا ئەو رادەیە بێ مروەت دەبێ کە دەڵێ، "ئەوە تۆ بوویت رەخنەت لە ئێمە دەگرت؟ چاکبوو کۆچی دواییت کرد!"

دەبینین لەم بابەتەشدا پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ک) هەڵوێستی جیاوازی لە پارتەکانی دیکە هەیە. ئەم راستییە لەگەڵ کۆچی دوایی د نەجمەدین کەریم، هەروەها لەگەڵ کۆچی ناوادە و شوومی عەزیز عەقراوی و یاشار کایا بینی کە ئوانیش لە هاوڕێبازەکانی پێشوویان جیاببوونەوە.


عەزیز عەقراوی

عەزیز عەقراوی بەر لە شۆڕشی 11ی ئەیلوول بە پێشەوایی مستەفا بارزانی، لە سوپای عێراقدا پلەی عەمیدی هەبوو. دوای دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول لە سوپا جیابووەوە و پەیوەندیی بە ریزەکانی شۆڕشەوە کرد. سەرتا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان و دواتریش بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرا. عەزیز عەقراوی کە دواتر کرایە راوێژکاری بارزانی لە پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە هۆی ئەزموونی سەربازیی خۆی، لە خەباتی دژی سوپای عێراق رێبەرایەتیی بەشێکی زۆری چالاکییەکانی دەکرد.

عەزیز عەقراوی لە ساڵانی 1974-1975 پەیوەندیی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەپچڕێنێت و لە بەغدا نیشتەجێ دەبێت و دەبێتە وەزیی دەوڵەت. ساڵی 1980 عێراق جێدەهێڵێت و لە ئەمریکا نیشتەجێ دەبێت.

سەربەخۆبوونی باشووری کوردستان لە ساڵی 1991 دروستبوونی پێکهاتەی نوێشی لەگەڵ خۆیدا هێنا. عەزیز عەقراوی ئەوکاتەش پارتێکی تازە دادەمەرزێنێت و لەگەڵ پەکەکە دەچێتە نێو پەیوەندییەکی گەرمەوە. لە هەولێر لەگەڵ پەکەکە رێپێوان و میتینگی دژ بە حکومەت رێکدەخات. تەنانەت ماوەیەک لە قەندیل نیشتەجێ دەبێت. دواجار ساڵانی 90 دەچێتە ئەوروپا.

عەقراوی کاتێک ساڵی 2001 لە شاری کۆلنی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد، پەکەکە کە دوایین تەمەنی ژیانی سیاسیی لەگەڵدا بەسەربردبوون، خاوەندارێتیی تەرمەکەیان نەکرد. چونکە عەزیز عەقراوی ماوەیەک بوو رەخنەی لە پەکەکەش دەگرت. عەزیز عەقراوی کە بێکەس ماوەیە، لەلایەن شارەوانیی کۆلن لە گۆڕستانی بێکەسان نێژرا.      

کاتێک بارزانی بە هەواڵەکە دەزانێت، راستەوخۆ پەیوەندی بە دڵشاد بارزانیی برایەوە دەکات کە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە. پێی دەڵێ بە هەر نرخێک بێت، تەرمی عەقراوی دەربهێنێت و بیگەڕێنێتەوە کوردستان. دڵشاد بارزانی کاروبارە پێویستەکان تەواودەکات و تەرمی عەقراوی دەگەڕێنێتەوە کوردستان، ئاکرێ.  

بارزانی دەڵێ، رەخنەکانی ساڵانی دوایی عەقراوی نابێتە سێبەر لەسەر خزمەتەکانی ئەو لە ساڵانی شۆڕشی ئەیلوول و خاوەندارێتیی دەکات و خاوەندارێتییەکەش بە نیشتمانپەروەری وەسف دەکات.

بەڵام رەخنەکانی ساڵانی دوایی دەرهەق بە پەکەکە، سێبەری خستە سەر هەموو خزمەتەکانی بەو رێکخراوە لە ساڵانی 90 و پەکەکە تەنانەت خاوەندارێتیی تەرمەکەشی نەکرد.   


یاشار کایا

لە کوردستاندا هیچ کەسێک نییە یاشار کایا نەناسێت. هەر لە ساڵی 1959 کە لە دۆسیەی 49کان خرایە زیندانەوە، هەتاوەکو ساڵی 2016 کە کۆچی دوایی کرد، لە نێو سیاسەتی کورددا بوو.

یاشار کایا کە بەشێکی گرنگی ژیانی سیاسیی خۆی لە خزمەتکردنی پەکەکەدا بەسەربرد، زۆر بە توندی و بە شێوەیەکی زێدەڕۆ رەخنەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرت. 

دوای ساڵی 2007 یاشار کایا لە پەکەکە جیابووەوە و لە شاری هەولێری باشووری کوردستاندا نیشتەجێ بوو. مانگی ئاداری 2016 یاشار کایا کۆچی دوایی کرد و پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێوڕەسمێکی دەوڵەتمەدارانەدا ماڵئاوایی لێکرد، میوانداری کرد و رێوڕەسمێک بە ئامادەبوونی سیاسەتمەدارانی باشوور رێکخرا.

رەخنەکانی ساڵانی دوایی یاشار کایا دەرهەق بە پەکەکە، بووە سێبەر و تارمایی لەسەر خزمەتی زیاتر لە 20 ساڵەی کایا بە پەکەکە. پەکەکە بەدەر لەوەی بەشدارییان لە پرسەی کایادا نەکرد، بگرە پەیامێکی پرسە و سەرەخۆشیشیان نەنارد. میدیای پەکەکە کۆچی دوایی کایای نەکردە هەواڵیش.  


د نەجمەدین کەریم

ساڵی 1970 بەشداری لە بزووتنەوەی کوردیدا کرد. هەر لە سەرەتاکانی 1971 وەکو پێشمەرگەیەک بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوولدا کرد. ساڵی 1975 دوای ئەوەی شۆڕش تووشی هەرەس هات، وەکو پزیشک بووە هاوسەفەری مەلا مستەفا بارزانی کە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر چووە ئەمریکا.

ساڵی 2009 لەسەر داوەتی مام جەلال، نەجمەدین کەریم گەڕایەوە کوردستان و لە هەمان ساڵدا لە کۆنگرەی یەکێتی نوشتمانیی کوردستان بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرا.  

ساڵی 2011 وەکو بەربژێری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کرایە پارێزگاری کەرکووک و ئەو ئەرکەی تاوەکو خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بەجێهێنا.

ئەو پەیوەندییە یاساییە سیاسییەی نەجمەدین کەریم لەگەڵ یەکێتی هەیبوو، زۆر فراوان و زۆرتر بوو لەو پەیوەندییانەی لەگەڵ پارتیدا هەیبوو. بەڵام دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، لە یەکێتی جیابووەوە.

 ئەو چاوەڕێی ئەو رۆژە بوو کەرکووک دووبارە بە کوردستانەوە بلکێتەوە، بەڵام تەمەن رێگەی پێنەدا و 31ی تشرینی یەکەم لەو نەخۆشخانەیەی کە تێیدا خەوێنرابوو لە وڵاتی ئەمریکا، چاوەکانی بەڕووی ژیاندا داخستن.

وادیارە؛

دوورکەوتنەوەی د نەجمەدین کەریم لە یەکێتی لە ساڵی 2017، سێبەر و تارمایی خستە سەر تەواوی ئەو خزمەتانەی بە یەکێتیی کردبوون. جگە لە پەیامە کەسییەکانی کۆسرەت رەسول و قوباد تاڵەبانی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشیی لەبارەی کۆچی کەریم بڵاونەکردەوە.  

بەدەر لەمە گوتەبێژی میدیایی لاهور تاڵەبانی بە روونکردنەوەی،''د نەجمەدین کەریم شایەنی پەیامی سەرەخۆشی نییە'' نیشانیدا چەندە بێ مروەت و ناڕێکڕەفتارە.

لێرەشدا دووبارە خاوەندارێتیکردن کەوتە سەر شانی پارتەکەی پێشوو و هاوسەنگەرانی پێشوو پارتی دیموکراتی کوردستان کە هیوادارم ئەم ئاسۆیەی لە مێژووەکەیەوە هاتووە، بەمشێوەیەش بەردەوام بێت...

 

 

رۆژهات ئامەدی

06.11.2020


نووسینەکانیتری نووسەر : لۆژیکی ئەو دۆکترینەی (تەریقەت) کە بوون بە دەوڵەتی لەسەر کورد قەدەغە کردووە

 


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە