ئابووریناسان : بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرژوەندی خەڵکە
پەیامی کورد ... ئابووریناسان : بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرژوەندی خەڵکە
ڕۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی خۆی پێکهێنا و تێیدا نۆ بڕیاری دەرکرد، شارەزایانی ئابووریش پێیان وایە ئەو بڕیارانە گرینگن و لەبەرژوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دان و کاریگەری لەسەر باشبوونی دۆخی ئابووری ھەرێمی کوردستان دەبێت.
عەلی ئیبراھیم، ڕاوێژکار لە بواری بزنس و وەبەرھێنان و نیشتەجێبوون، ڕایگەیاندووە : ئەو بڕیارانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر گرینگ بوون، بەھۆی ئەوەی لەماوەی ڕابردوو ھەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەری زنجیرەک ئابلوقەی ئەمنی و ئابووری دابوو، بە درۆن مووشەک باران دەکرا و سەرمایەداران دەکرانە ئامانج و قەیرانی ئابووری ھەبوو، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشت بە خەڵکی خۆی توانیویەتی خۆڕاگربێت، ئەو بڕیارانەش وەکوو ووڵامدانەوەیەکە .. ھەرێمی کوردستان و خەڵک پرۆسەی وەبەرھێنان و بووژانەوە بەردەوام دەبێت، چوونکە کۆمەڵێک خاڵ ھەیە لە ھەرێمی کوردستان ھەن ناحەز و دوژمنانی کوردستان چەند بیانەوێت ناکرێت جیابکرێتەوە، لەوانە پێگەی ھەرێم لەناوچەکە و ئارامی و سەقامگیر و پێکەوەژیان و بوونی یاسایەکی وەبەرھێنان کۆمەڵێک خاڵی زۆر گرینگ و ھەرێم سوودی لێ وەرگرتووە.
عەلی ئیبراھیم ووتیشی : ئەو بڕیارانە ھەناسەیەکی گەورە بە بەر بازاڕدا دێنێتەوە، ئەو ھەورە تاریکەی لەسەر بازاڕی ھەرێم ھەبوو دەڕەوێتەوە و پێشبینی دەکەین لە داھاتوویەکی نزیکدا کۆمەڵێک دەستپێشخەری تازەی بەسەردابێت و قەرەبووی ئەم قۆناغە بکاتەوە و لە بەرژوەندی فەرمانبەران و بازاڕ و وەبەرھێنان بێت، بۆیە ئەم بڕیارانە زۆر باش بوون و لەکاتێکی زۆر باش و گونجاودابوون.
هاوکات شارەزای ئابووری، د.خالد حەیدەر ووتی : ئەو بڕیارانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داویەتی لە بەرژوەندی خەڵکی کوردستان و مووچە خۆران دایە، بەڵام مووچە خۆی مافی خەڵکە و پێویست ناکات ببێتە مژدە بۆ مووچەخۆران، بۆیە ھاووڵاتییان کە گلەیی دەکەن مافی خۆیانە، دەوام دەکەن و پێویستە مووچەکەیان پێبدرێت.
ھۆکاری سیاسی ھەن و پێویستە لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و بەغدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، بۆیە دابەشکردنی مووچە کاریگەری زۆر باشی دەبێت لەسەر ئابووری و بازاڕ لە ھەرێمی کوردستان، چوونکە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا مووچەی مانگی سێش بدرێت.
د.خالد حەیدەر وتیشی : بڕیارەکانی دیش زۆر باشن وەکوو لێخۆشبوونی قەرزەکان، لەوەی خەڵک ئەو قەرزەی لەسەریەتی لەجیاتی ئەوەی ٨٠ھەزار بدات ٦٠ھەزار دەدات وەکوو ئەوە وایە ٢٠ھەزاری دەست کەوتبێت، بۆیە ئەمە لە حاڵەتێک زۆر باشە مانگانە مووچە بدرێت و بەغدا رڕەوانەی بکات، بۆ دابەش کردنی زەویش کارێکی زۆر باشە فەرمانبەر بۆ ئەوەی پارچەیەک زەوی بکڕێت چەند ساڵی پێویستە، بەڵام کە زەوی پێبدرێت ئەوکات دەرفەتی بۆ خۆش دەبێت ببێتە خاوەن خانووی خۆی، بۆیە ئەمەش کاریگەری زۆر باشی لەسەر دۆخی خەڵک دەبێت، ئەوەی زۆر گرینگە جێبەجێکردنی ئە بڕیارانەیە، بۆ ئەوەی خەڵک ڕاستەوخۆ بتوانن سود لەو بڕیارانە وەربگرن و متمانەش لەنێوان خەڵک و حکوومەت درووست بێت.
ئەم بابەتە 98358 جار خوێندراوەتەوە