ئومێد سەباح : وەزارەتی دارایی تاكە لایەنە بۆ دیاریكردنی شێوازی دابەشكردنی مووچە

پەیامی کورد   ...   ئومێد سەباح : وەزارەتی دارایی تاكە لایەنە بۆ دیاریكردنی شێوازی دابەشكردنی مووچە

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژە بەوە دەکات، لیستی مووچەیان ئامادە کردووە و چاوەڕوانی بەرچاوڕوونی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکەن بۆ ئەوەی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم ڕەوانە بکات.

دووشەممە، ٢٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ھەژماری من پڕۆژەیەکی یاساییە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵیبژاردووە بۆ شێوازی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران، هاوکات لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ھەموو ئەندامان دەنگیان لەسەر داوە، بەپێی یاساش وەزارەتی دارایی تاکە لایەنە بۆ دیاریکردنی شێوازی دابەشکردنی مووچە.

ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەکرد، تیمێکی تەکنیکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدایە سەبارەت بە ناردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤.

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ھێمای بۆ ئەوەش کرد، لیستی مووچەیان ئامادە کردووە و چاوەڕوانی بەرچاوڕوونی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکەن بۆ ئەوەی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم ڕەوانە بکات.

ئومێد سەباح باسی لەوەش کرد، یەکێکی دیکە لە کێشەکان تایبەتە بە ئاڵوگۆڕ بۆ دڵنیایی لە مووچەی سێ مانگی داھاتووی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان. هەروەها گوتیشی، چەند کێشەیەک لە نێوان ھەردوو حکوومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە مووچەی مانگەکانی داھاتوو ماوە، ڕوونیشی کردەوە، یەکێک لە کێشەکان پەیوەستە بە بەشە پارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.


ئەم بابەتە 39 جار خوێندراوەتەوە