ئیسرائیل بەڵێنی داوە ڕێوشوێنی ڕاگرتنی هێرشە نوێیەکانی حێزبۆڵڵا بگرێتەبەر

پەیامی کورد   ...   ئیسرائیل بەڵێنی داوە ڕێوشوێنی ڕاگرتنی هێرشە نوێیەکانی حێزبۆڵڵا بگرێتەبەر

ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل ناتوانێت ڕێگە بە هێرشی نوێی بزووتنەوەی حێزبۆڵڵای شیعەی لوبنان لەسەر خاکی ووڵاتەکەی بدات و بەم زووانە "بڕیاری پێویست" دەدات.

بەپێی هەواڵی سپۆتنیک، ناوبراو لە پەیجی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: ئیسرائیل ناتوانێت ڕێگە بە حێزبۆڵڵا بدات بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر خاکەکەی و هاووڵاتیان و بەم نزیکانە بڕیاری پێویست دەدەین.

ڕۆژی سێشەممە سوپای ئیسرائیل پەسەندکردنی پلانەکانی شەڕی بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان ڕاگەیاند. دوای ئەمەش ئیسرائیل کاتز وەزیری دەرەوەی ئەم ووڵاتە هەڕەشەی ئەوەی کرد کە بزووتنەوەی حێزبۆڵڵای شیعە لوبنان لەناو دەبات و لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی تەواودا زیانی گەورە بە لوبنان دەگەێنێت و هەروەها ووتی : ئیسرائیل نزیکە لە ساتەوەختی بڕیاردان بۆ گۆڕینی ڕێساکانی بەرەی باکوور..

حەسەن نەسرۆڵڵا سکرتێری گشتی حێزبۆڵڵای لوبنان هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە بزووتنەوەکەی دەتوانێت هێرش بکاتە سەر باکووری ئیسرائیل لە ئەگەری پەرەسەندنی ململانێیەکان.

دۆخی سنووری ئیسرائیل و لوبنان دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ خراپتر بوو. سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حێزبۆڵڵای لوبنان ڕۆژانە تەقە لە پێگەی یەکتر دەکەن لە ناوچە سنوورییەکان. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی لوبنان، نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس لە باشووری لوبنان بەهۆی تۆپبارانەکانی ئیسرائیلەوە ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن. لایەنی ئیسرائیلی باسی لە نزیکەی ٨٠ هەزار دانیشتووی باکووری ئیسرائیل کردووە کە لە دۆخێکی هاوشێوەدا بوون.


ئەم بابەتە 29746 جار خوێندراوەتەوە