ئیسرائیل هەموو سیستەمی مووشەکی ئێس ٣٠٠ی کۆماری ئیسلامی لەناوبرد
پەیامی کورد ... ئیسرائیل هەموو سیستەمی مووشەکی ئێس ٣٠٠ی کۆماری ئیسلامی لەناوبرد
ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، پێش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران چوار سیستەمی بەرگریی مووشەکی ئێس-٣٠٠ی هەبووە، کە بە پێشکەوتووترین سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دادەنرا، بەڵام هەموو ئەو سیستەمانە لە هێرشی ئیسرائیلدا لەناوچوون.
ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە سیستەمێکی تری مووشەکی تاد لە ئەمریکا بۆ پێشگرتن لە ئەگەری هێرشی کۆماری ئیسلامی وەردەگرێت.
ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئیسرائیلی و ئەمریکییەکان ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە بە بەکارهێنانی زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکە هێرشی کردووەتە سەر ٢٣ ئامانجی هەستیار لە ئێران.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاندووە کە لەم هێرشەدا سەرجەم سیستمە مووشەکییەکانی ئێس ٣٠٠ی ئێران بە پێشکەوتووترین سیستەمی بەرگری ئاسمانی تاران لەناوچوون.
هاوکات بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم هێرشانە زیانی گەورەیان بە دامەزراوە موشەکی بالیستیکییەکانی ئێران گەیاندووە، کە ڕەنگە ساڵانێکی زۆری پێبچێت بۆ نۆژەنکردنەوە.
لە بەرامبەر ئەم ڕاپۆرتەدا، ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوەی کرد کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ئاسمانی عێراقیان بەزاندووە و هێرشیان کردووەتە سەر بەشێک لە ڕادارە سنوورییەکان لە پارێزگاکانی ئیلام و خوزستان و دەوروبەری تاران، بەڵام ئەم هێرشانە زیانێکی سنوورداریان گەیاندووە!
ئەم بابەتە 39 جار خوێندراوەتەوە