ئیسرائیل و گرووپی حەماس لەسەر ئاگربەست رێککەوتن

پەیامی کورد   ...    ئیسرائیل و گرووپی حەماس لەسەر ئاگربەست رێککەوتن

بەپێی راپۆرتەکان، ئیسرائیل و گرووپی حەماس لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون و بەپێی رێککەوتنەکە ئیسرائیل هەنگاو بە هەنگاو لە غەززە دەکشێەوە و بارمتەکانی دەستی حەماسیش ئازاد دەکرێن.

رێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتایی بە ١٥ مانگ شەڕ لە غەززە دێنێت کە دەیان هەزار کەس کوژراوی لێکەوتەوە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تووشی ململانێی گەورە کرد.

رێککەوتن هێشتا بە فەرمی ڕانەگەێندراوە، بەڵام بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، دوو لایەن لەسەر ئاگربەسێکی شەش هەفتەیی رێککەوتوون و جگەلە کشانەوەی ئیسرائیل، بارمتە ئیسرائیلییەکانی دەستی حەماس لەگەڵ دەستگیرکراوانی حەماس، ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت.

بەپێی ئەو راپۆرتە، لە قۆناغی یەکەمدا ٣٣ بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن، لەوانە هەموو ژنەکان و ئەو پیاوانەی تەمەنیان زیاتر لە ٥٠ ساڵ تەمەنە.

دانووستاندن لەسەر قۆناغی دوویەمی ئاگربەس، ١٦ رۆژ لە دوای دەسپێکی قۆناخی یەکەم دەست پێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت بارمتە ئیسرائیلییەکانی دیکە ئازاد بکرێن، ئاگربەستی هەمیشەیی بێتە ئاراوە و ئیسرائیل بە تەواوەتی لە غەززە بکشێتەوە.

لە قۆناخی سێیەمیشدا چاوەڕوان دەکرێت، تەرمی بارمتە کوژراوە ئیسرائیلییەکان بگەڕێندرێتەوە و ئاوەدانکردنەوەی غەززە لەلایەن میسر، قەتەر و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەست پێبکات.

رێککەوتن دوای چەندین مانگ لە دانووستاندنی پچرپچڕ دێتە ئاراوە کە ووڵاتانی قەتەر و میسر ناوبژیوانییان دەکرد و ئەمریکاش پشتیوانی لێ دەکرد.


ئەم بابەتە 95 جار خوێندراوەتەوە