ئیسرائیل چاوەڕێی ئەوەیە ئەمریکا هەڵوێستێکی تووندتر لە دژی کۆماری ئیسلامی بگرێتەبەر

پەیامی کورد   ...   ئیسرائیل چاوەڕێی ئەوەیە ئەمریکا هەڵوێستێکی تووندتر لە دژی کۆماری ئیسلامی بگرێتەبەر

بەرپرسێکی باڵای کابینەی ئەمنی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ووڵاتەكەی هیوادارە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ سیاسەتێکی تووند دژ بە کۆماری ئیسلامی و بەرنامە ئەتۆمییەکانی بگرێتەبەر. 

بە ووتەی ئەم بەرپرسە، سیاسەتێکی لەم شێوەیە دەتوانێت دەرفەت بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکانی ئێران بڕەخسێنێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئێلی کۆهین، وەزیری ووزەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە ڕێککەوتنێک نزیک بووەتەوە کە بتوانێت کۆتایی بە شەڕی لوبنان بهێنێت و کاریگەری حیزبۆڵڵای لوبنان کەم بکاتەوە، کە گرووپێکە لە لایەن کۆماری ئیسلامی یەوە لە نزیک سنوورەکانی ئەو ووڵاتە پاڵپشتی دەكرێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە لە ئەگەری پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتنە، ئیسرائیل مافی خۆیەتی هەنگاوی سەربازی بگرێتەبەر.

کۆهین هەروەها ڕایگەیاندووە کە دانانی بەرپرسانی باڵا لە ئیدارەی نوێی ترامپ کە بە وتەی خۆی لەگەڵ "کردەوەی چارەنووسساز" دژی کۆماری ئیسلامین، دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ناوچەکەدا.

ناوبراو ئاماژەی بە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترامپ کرد و ووتی کە ئەم ماوەیە پەیوەستە بە سەقامگیری زیاتری ناوچەکە و ئەو سزایانەی لەو کاتەدا سەپێندرابوون نزیک بوو حکوومەتی ئێران ناچار بکات هەڵسووکەوتی خۆی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا بگۆڕێت.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترامپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا چەندین جار ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئیدارەی جۆ بایدن گرتووە و ڕایگەیاندووە، جێبەجێنەکردنی توندی گەمارۆوە نەوتییەکانی سەر حکوومەتی ئێران، تارانی بەهێزتر کردووە و ووڵاتەکەی بوێرتر کردووە لە فراوانکردنی نفوزی ناوچەیی خۆی لە ڕێگەی گرووپە بە وەکالەتەكانی.
 


ئەم بابەتە 20 جار خوێندراوەتەوە