ئێستا کۆمپانیا گەورەکان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی ھەولێرەوە کاری بازرگانی دەکەن

پەیامی کورد   ...   ئێستا کۆمپانیا گەورەکان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی ھەولێرەوە کاری بازرگانی دەکەن

بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ووتی، ھاتووچۆی گەشتیاری لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بەردەوام لە زیادبووندایە دەشڵێ، ئێستا جگە لە گەشتیاری ئاڵوگۆڕی بازرگانیشی لێ دەکرێت و کۆمپانیا گەورەکان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە کاری بازرگانی دەکەن و کەل وپەلەکانیان دێنن و بەسەر پارێزگاکانی عێراق دابەشی دەکەن.

بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، ئەحمەد ھۆشیار، ڕایگەیاند : لە ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر زیاتر لە ٢ ملیۆن گەشتیار ھاتووچۆیان کردووە و ئەمساڵ ڕێژەکە بەردەوام لە زیادبوون دایە و لەماوەی ئەم ھەشت مانگەی ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر دەگاتە زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار گەشتیار و لەو ماوەیە ھەزار و ٧٦٤ فڕۆکە ھاتووچۆیان کردووە ئەمەش سەرەڕای ھەموو قەیران و کێشەکانی كە دروست بوون، بۆیە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی ھاتووچۆی گەشتیاری زۆر بەرزبوو ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت زیاتر بێت بۆ دوو ملیۆن و نزیکەی ٣٠٠ ھەزار گەشتیار، بۆیە ئامانجی ئێمەش ئەوەیە ڕێژەکە بەردەوام لە زیادبوون دابێت، چوونکە ڕێژەی ھاتووچۆی گەشتیاری ئەمساڵ بەراورد بەساڵی ڕابردوو تاوەکوو ئێستا بەڕێژەی ٧.٦% زیادی کردووە.

ئەحمەد ھۆشیار ووتیشی : لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ٢٠ ھێڵی ئاسمانی ھاتووچۆ کار دەکەن، بەڵام ١٧ لەوانە فەرمیین و سێی دیکەش ناوە ناوە ھاتووچۆیان ھەیە، بۆیە بەگشتی ٢٠ ھێڵ دەبن، هاوكات فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ھۆکارێکیشە بۆ بووژانەوەی ئابووری، چوونکە ئێستا جگە لە گەشتیاری ئاڵوگۆڕی بازرگانیشی لێ دەکرێت و کۆمپانیا گەورەکان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر کاری بازرگانی دەکەن و کەلوپەلەکانیان دێنن و بەسەر پارێزگاکانی عێراق دابەشی دەکەن.


ئەم بابەتە 85147 جار خوێندراوەتەوە