ئەرکەکانى ئەنجوومەنى باڵاى تێکۆشەران خۆى لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە

پەیامی کورد   ...   ئەرکەکانى ئەنجوومەنى باڵاى تێکۆشەران خۆى لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە

ئەندامێکى دەستەى کارگێڕی ئەنجوومەنى باڵاى تێکۆشەران گوتى، ئەنجوومەنەکەمان بە گوێرەى ماددەى ١٥ى پەیڕەوى ناوخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، کە لە کۆنگرەى ١٤دا پەسند کراوە، بە بڕیارى سەرۆک بارزانى لە ١٩ى ئادارى ٢٠٢٣دا پێکهاتووە، ئەندامەکانیش پێشتر یان ئەوەتا ئەندام پەرلەمان بوون، یان لە حیزب و ئیدارەدا بوونە، حاڵى حازر ئەو ئەنجوومەنە لە ٤٢ ئەندام پێکدێت و دەستەیەکى کارگێڕی هەیە، لە ١٥ کەس پێکدێت.

ئاسۆ کەریم، ئەندامى دەستەى کارگێڕی ئەنجوومەنى باڵاى تێکۆشەران، ڕایگەیاند، ئەنجوومەنى باڵاى تێکۆشەران، یەکەیەکى ڕێکخستنە و سەر بە بارەگاى بارزانییە و ڕاستەوخۆ جەنابى سەرۆک بارزانی، بە ڕاوێژ لەگەڵ مەكتەبی سیاسی، ئەندامەکانى داناون، دەتوانین بڵێین ئەو ئەنجوومەنە نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتەكانی خەڵكی كوردستان و ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی تێدایە لە زاخۆوە تا خانەقین.

لە بارەى ئەركەکانی ئەو ئەنجوومەنە، ئاسۆ کەریم ووتى، ئەرکەکانى ئەو ئەنجوونە خۆى لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە، وەک :

یەکەم/ ڕاسپاردە و ڕاوێژەكانی ئەو بابەتانەی كە پێی دەسپێردرێ بۆ سەرۆك ئامادەى دەكات.

دووەم/ ئەو ئەركانەش جێبەجێ دەكات كە لە لایەن سەرۆكەوە، بە ئەنجوومەن دەسپێردرێ.

سێیەم/ پێشنیاز لەبارەی پرسە سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، كارگێڕییەكان و هەر پرسێكی دیكە كە بە پێویست و بە بەرژەوەند بزانرێ، بە مەكتەبی سیاسی دەدات.

ئاسۆ کەریم دەشڵێ، ئەو ئەنجوومەنە، زیاتر ئەنجوومەنێكی ڕاوێژكارییە، لەو بوارانەى كە لە پەیڕەو دیارى كراون، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجوومەن دەستەیەكی كارگێڕی هەیە و هەڤاڵ مەسعوود ساڵەیی بەرپرسی ئەنجوومەنەكەیە، بە شێوەیەكی ڕێكوپێك لە هەر بار و بابەتێك كە بە پێویست زانرابێت، كۆبوونەوەمان كردووە و پێشنیاز و ڕاسپاردەی خۆشمان بۆ لایەنی پەیوەندیدار ناردووە.


ئەم بابەتە 51114 جار خوێندراوەتەوە