ئەسەد و بن سەلمان یەکتریان بینی
پەیامی کورد ... ئەسەد و بن سەلمان یەکتریان بینی
سەرۆکی سوریا کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کۆمکاری عەرەبی سەفەری سەعوودیەی کرد، لەگەڵ محەمەد بن سەلمان کۆبووەوە و خۆشحاڵی خۆی بە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و دیمەشق دەربڕی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبییە، محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سەعوودیە لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە جددە کۆبووەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەسەد هەوڵەکانی عەرەبستانی بەرز نرخاند لە درووستکردنی کەشێکی سیاسی کە یارمەتی هاوکاری نێوان ووڵاتانی عەرەبی بدات.
ئەسەد کۆبوونەوەی سەرۆکانی کۆمکاری عەرەبی کە لە جەدە بەڕێوەچوو، بە "دەرفەتێکی مێژوویی" ناوبرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی ناوچەکە. لە مانگی ئایاردا کۆمکاری عەرەبی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گەڕانەوەی سووریا بۆ ناو هاوپەیمانییەکە و کۆتایی بە ڕاگرتنی 12 ساڵەی دیمەشق هێنا کە لە کاتی دەستپێکردنی قەیرانی سووریا دەستیپێکرد.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا بڵاویکردەوە، بەشار ئەسەد و بن سەلمان، جگە لە پێداچوونەوە بە پێشهاتەکانی ووڵاتانی عەرەبی و ڕەنگدانەوەی ئەرێنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو ووڵاتانە، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم کارلێککردنە جووڵەی بەکۆمەڵیان بەرەو ئەو بۆچوونە هاوبەشانە نیشان دەدات کە ئێمە لە کۆبوونەوەی جیددا بینی.
هەر لەم دیدارەدا سەرۆکی سووریا سوپاسی هەوڵەکانی حکوومەتی سەعوودیە بۆ لێکنزیکبوونەوە لە نێوان ووڵاتانی عەرەبی و دابینکردنی کەشێکی سیاسی ئەرێنی کرد و بە سوودی زانی بۆ هاوکاری نێوان ووڵاتانی عەرەبی و وەدیهێنانی بەرژەوەندی گەلانی عەرەبی.
هەروەها لایەنەکان خۆشحاڵی خۆیان بە دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و دیمەشق دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ئەمە دەبێتە هۆی سەقامگیری ناوچەکە و هاوکاری ووڵاتانی عەرەبی.
ئەم بابەتە 37 جار خوێندراوەتەوە