ئەمریکا سزای بەسەر ٢١ بەرپرسی ڤەنزۆئێللا دا سەپاند

پەیامی کورد   ...  ئەمریکا سزای بەسەر ٢١ بەرپرسی ڤەنزۆئێللا دا سەپاند
 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تۆمەتی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، سزای 21 بەرپرسی حکومەت و ئەمنی ڤەنزۆئێللا ، لەوانە بەرپرسی دەزگای هەواڵگری و سەرۆکی پۆلیسی ووڵاتەکەی سەپاند.

ئەم سزایانە لە کاتێکدایە کە کۆشکی سپی هەفتەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە ڕکابەری مادۆرۆ، ئێدمۆندۆ گۆنزالێز، وەک براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی تەمموزی ئەم ووڵاتە دەناسێت و مادۆرۆی تۆمەتبار کرد بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا.

لە بەیاننامەیەکدا، برادلی سمیس، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە وەکالەت، مادۆرۆ و لایەنگرانی بە کردەوەی "سەرکوتگەرانە" لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەم ووڵاتە تۆمەتبار کرد و بانگەشەی کرد کە ئەوان هەوڵی کپکردنی دەنگی هاووڵاتیانی ڤەنزۆئێللا دەدەن.

بەگوێرەی پێگەی هەواڵی "ئین سایدەر"، لەنێو ئەو کەسانەی سزادراون ناوی 15 بەرپرسی ئەمنی ڤەنزۆئێللا هەیە، لەوانە بەرپرسی دەزگای هەواڵگری، بەرپرسی دەزگای دژە هەواڵگری سوپا، بەرپرسی پاسەوانی نیشتمانی و سەرۆکی ڤەنزۆئێللایی پۆلیس. جگە لەوەش وەزیری پەیوەندییەکانی ڤەنزۆئێللا و سەرۆکی ڕێکخراوی زیندانەکانی ئەو ووڵاتەش لە لیستی سزادراوەکاندان.

دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی تەمموزدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڤەنزۆئێللا بەڕێوەچوو و مادۆرۆ بە 51%ی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، خۆپیشاندان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنانە بەڕێوەچوو، ئەمەش بووە هۆی پشێوی و پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی ڤەنزۆئێللاا. حکوومەتی مادۆرۆ ڕایگەیاند کە هەندێک ووڵات بەنیازن دەستوەردان بکەن لە هەڵبژاردنەکان و پێشێلکردنی مافی سەربەخۆیی ڤەنزۆئێللا و بڕیاردان لەسەر داهاتووی ڤەنزۆئێللا.

بەرپرسێکی حکوومەتی ئەمریکا ڕایگەیاند : هەموو ئەم کەسانە ئەندامی دەزگای ئەمنی مادۆرۆ بوون و دەستیان لە سەرکوتکردنی تووندوتیژانەی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانەدا هەبووە.

هەروەها لە مانگی ئەیلولدا حکوومەتی ئەمریکا سزای بەسەر ١٦ بەرپرسی حکوومەتی ڤەنزۆئێللا دا سەپاند بە تۆمەتی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا، لەنێویاندا کەسایەتییە باڵاکانی دادگای باڵا و ئەنجوومەنی هەڵبژاردنەکانی ڤەنزۆئێللا.


ئەم بابەتە 98 جار خوێندراوەتەوە