ئەمریکییەکان هاریس وەک باشترین کاندید بۆ دیموکراتەکان نابینن

پەیامی کورد   ...   ئەمریکییەکان هاریس وەک باشترین کاندید بۆ دیموکراتەکان نابینن

ئەنجامی ڕاپرسییەکی نوێ دەریدەخات کە زۆرینەی دەنگدەرانی ئەمریکا کامالا هاریس بە باشترین کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پارتی دیموکرات لە ساڵی ٢٠٢٤ نازانن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئیسنا، ڕاپرسییەکی نوێی ئەنستیتووتی ڕاسموسن دەریدەخات کە زۆرینەی دەنگدەرانی ئەمریکا، کامالا هاریس بە باشترین کاندید بۆ پارتی دیموکرات لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٤ نازانن.
بەپێی ئەنجامی ئەم ڕاپرسییە، ٥٢%ی دەنگدەرانی ئەمریکا باوەڕیان بەوە نییە کە هاریس باشترین کاندیدی مومکین بێت بۆ پارتی دیموکرات لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەردا. لەبەرامبەردا تەنها لەسەدا ٣٩ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە ڕایانگەیاندووە کە هاریس باشترین هەڵبژاردەی دیموکراتەکانە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.
دوای ئەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی خراپی ئاستی لە دیبەیتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، کاندیدی کۆمارییەکان، وازی لە کێبڕکێ هێنا، هاریس وەک کاندیدی سەرەکی پارتی دیموکرات هەڵبژێردرا.
کامالا هاریس بڕیارە ئەم هەفتەیە لە کۆنفرانسی نیشتمانی دیموکراتەکان لە شیکاگۆ کاندیدکردنی پارتی دیموکرات قبووڵ بکات و بە فەرمی ببێتە کاندیدی پارتەکە بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٤.
ڕاپرسییەکەی ڕاسمووسن لە ١٥ تا ١٩ی ئاب بە بەشداری ١١٤٢ بەشداربووی ئەمریکی ئەنجامدراوە و ڕێژەی هەڵەی ٣٪ یە.


ئەم بابەتە 10360 جار خوێندراوەتەوە