ئەمڕۆ به‌ نووسراوی فه‌رمی موحه‌مه‌د شیاع سوودانی ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌

پەیامی کورد    ...   ئەمڕۆ به‌ نووسراوی فه‌رمی موحه‌مه‌د شیاع سوودانی ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌

سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌داخه‌وه‌ رێگری له‌ هەناردەکردنی کاڵای هه‌رێمی كوردستان بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق دەکرێت، بۆیە ئەمڕۆ یەکشەممە له‌و باره‌یه‌وه‌ نووسراوێك ده‌ده‌نه‌ سوودانی.

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر، ووتی: "سبه‌ی به‌ نووسراوی فه‌رمی ئاگاداری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌باره‌ی رێگریکردن له‌ كاڵای كوردستان بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، پێشتریش نووسراوێكی كراوه‌مان هه‌بووه‌ له ‌رێگای ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بڵاومان كرده‌وه‌، به‌ڵام سبه‌ی به‌ فه‌رمی له ‌رێگای نوێنه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێم له ‌به‌غدا ئاراسته‌ی موحه‌مه‌د شیاع سوودانی ده‌كه‌ین، ئه‌ویش سەبارەت بەو هەڵسوکەوتەی لە بازگەکان بەرامبەر ئەو کاڵایانە دەکرێت، کە بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق هاوردە دەکرێن، کە ئەوە پێچەوانەی ماددەی 24ـی دەستووری عێراقە."

حاجی سه‌عید روونیشی كرده‌وه‌: "یەکێک لە بابەتەکان کە لە نووسراوەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، دەربارەی ئەو ڕێگرییانەیە کە لە بازگەکاندا بەرامبەر  بەو کاڵایانە دەکرێن، کە لە دەرەوەی ووڵاتەوە هاوردە دەکرێن و دەنێردرێنە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، کاڵاکان دەبێت لە ماوەی 72 کاتژمێردا بازگەکانی حکوومەتی ناوەندی ببڕن، ئەگەرنا ناهێڵن هیچ کاڵایەک هەناردە بکرێت، بابەتی دووەمیش، بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، هەندێک لە کارگەکانی ئێمە لەوێ تۆمار نەکراون، ناهێڵن کاڵاکان بچێتە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و هەندێکیش لە بازگەکان فێر بوون ئەو هەلە دەقۆزنەوە و باج وەردەگرن بۆ  ڕێگەدان بە چوونەژوورەوەی کاڵاکان."

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: "هیوادارین ئه‌مه‌ بابه‌تێكی سیاسی نه‌بێت، چوونكه‌ ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵەیە‌ كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر ئابووری كوردستان و عێراقیش درووست ده‌كات".


ئەم بابەتە 29 جار خوێندراوەتەوە