ئەمڕۆ کۆبونەوەی باڵای ئەمنی نێوان ئوردن، سووریا، عێراق و تورکیا بەڕێوەدەچێت
پەیامی کورد ... ئەمڕۆ کۆبونەوەی باڵای ئەمنی نێوان ئوردن، سووریا، عێراق و تورکیا بەڕێوەدەچێت
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، سبەی كۆبوونەوەیەكی باڵای ئەمنی لە سەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆی هەر یەكە لە ووڵاتەكانی ئوردن، سووریا، عێراق و تورکیا لە لە عەممانی پایتەختی ئوردن کۆدەبنەوە و تاوتوێی هاوکارییە ئەمنییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکەن.
بە پێی هەواڵی ڕۆیتەرز شەممە لەزاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی تورکیا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بڵاویكردەوە، سبەی یەكشەممە شاندە باڵاكانی تورکیا، ئوردن، سووریا و عێراق لە عەممان کۆدەبنەوە و تاوتوێی هاوکارییە ئەمنییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەزیرانی دەرەوەی ئەو ووڵاتانە ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن، هەروەها وەزیرانی بەرگری یان فەرماندەی هێزی سەربازی، هەروەها سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو چوار ووڵاتەش بەشداری دەکەن.
سەرچاوەكەی ئاژانسی ڕۆیتەرز باسی لەوەشكرد، بەرپرسانی ئەو چوار ووڵاتە تاوتوێی هاوکاری لە بوارەکانی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانە ڕێکخراوەکان و هەروەها پێشهاتە ناوچەییەکان دەکەن.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا مانگی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، ئەو چوار ووڵاتە هەنگاوی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ناوچەکە دەگرنەبەر و ئامانجیان ئەوەیە یەکەم کۆبوونەوە لەسەر ئەو پرسە لە ئوردن ئەنجام بدەن.
ئەوە لەكاتێكدایە لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوو لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، ووڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوچەیی هۆشدارییان لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش داوە.
هەزاران ئەندامی ئەو گرووپە ئیسلامییە چەکدارە لە زیندانەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگیراون و لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی هاوپەیمانی ئەمریکاوە پاسەوانی دەکرێن و توركیاش یەکەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) كە بەشێكە هەسەدە بە مەترسی دەزانێت و دەڵێت، "دەبێت زیندانەکان ڕادەستی سەرکردایەتی نوێی سووریا بکرێن و یەپەگەش چەک داماڵن".
ئەم بابەتە 53 جار خوێندراوەتەوە