ئەمیندارى گشتی وەزارەتى دەرەوەى قەتەر : کردنەوەى کۆنسووڵخانەی هەولێر سەرکەوتنە بۆ پەیوەندى دوو قۆڵى
پەیامی کورد ... ئەمیندارى گشتی وەزارەتى دەرەوەى قەتەر : کردنەوەى کۆنسووڵخانەی هەولێر سەرکەوتنە بۆ پەیوەندى دوو قۆڵى
ئەمیندارى گشتی وەزارەتى دەرەوەى قەتەر راگەیاند، کردنەوەى کۆنسووڵخانەى ووڵاتەکەى لە هەولێر سەرکەوتنە بۆ پەیوەندى دوو قۆڵى قەتەر لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا. ئاماژەى بەوەش دا کە دەیانەوێت پڕۆژەکانى وەبەرهێنان دەرفەتى کار بۆ هەزاران گەنجى عێراق و کورد بڕەخسێنێت.
ئەو ووتانەى ئەحمەد حەسەن حەمادى، ئەمیندارى گشتی وەزارەتى دەرەوەى قەتەر لە رێوڕەسمی کردنەوەى کۆنسووڵخانەى گشتی ووڵاتەکەى بوو لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ى ئایار کرایەوە.
ئەحمەد حەسەن حەمادى ووتى: "کردنەوەى کۆنسووڵخانەکە سەرکەوتنە بۆ پەیوەندی دوو قۆڵى گەشەسەندووى قەتەر لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان کە لە بوارى جیاوازدا لە گەشەسەندندایە لە رووى سیاسى، ئابوورى و وەبەرهێنان و کولتوورى".
ئەمیندارى گشتی وەزارەتى دەرەوەى قەتەر ووتى : "لە دوو رۆژى رابردوودا لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکوەزیران کۆبوومەوە، باسمان لە بەشداری لە شێوازى هاوکارى سەرجەم بوارەکان کرد، لەوانە سیاسى، وەبەرهێنان، ئابوورى، کەرتى نەوت و گاز، کشتوکاڵ، گەشتیارى، وەرزشی و بوارى دیکە. لەگەڵ وەبەرهێنەرانى قەتەر و هەرێمى کوردستان بەدواداچوون دەکەین."
ئەحمەد حەسەن حەمادى رایگەیاند، ئامانجیان بۆ ئەنجامى ئەو پڕۆژانەى وەبەرهێنان، بووژاندنەوە ئابووری و درووستکردنى بازاڕى ئابووری جێگرەوەیە لە هەرێمى کوردستان و عێراق، هەروەها رەخساندنى هەلی کار بۆ هەزاران گەنجى عێراق و کورد.
ئەم بابەتە 44371 جار خوێندراوەتەوە