"ئەم پڕۆژە نێودەوڵەتییە لە ھەولێر کراوەتەوە"
پەیامی کورد ... "ئەم پڕۆژە نێودەوڵەتییە لە ھەولێر کراوەتەوە"
بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت: دوای کردنەوەی سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچی نێودەوڵەتی لە پارێزگای ھەولێر، ئێستا بەجیددی کاری لەسەر دەکرێت و خول بۆ تیمەکان دەکرێتەوە و دواتریش ھاووڵاتییان سوودی لێ وەردەگرن، مانگی داھاتوو ئەو سەنتەرە لە سلێمانیش دەکرێتەوە.
سروە ڕەسوول، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە ھەرێمی کوردستان، ووتی : کردنەوەی سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ لە ھەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو پڕۆژە گرینگانەی لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەھێندرێتە ھەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە پڕۆژە نێودەوڵەتییەکان و ھەرێمی کوردستان نۆیەم وڵاتە ئەو پڕۆژەیەی لێ دامەزراوە، ئەو پڕۆژەیە گرینگی خۆی ھەیە لەبەر ئەوەی کار لەسەر ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا دەکات و چەندین بابەتی جیاجیاش لەخۆ دەگرێت. وەکو ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە مەترسییەکانی کۆچ، چۆنیەتی بەرزکردنەوەی توانای گەنجان، چۆنیەتی دۆزینەوەی ھەلی کار، بەرزکردنەوەی تواناکانیان، خۆ گونجاندنیان لەگەڵ پێشکەوتنەکان و ھەلی کاری یاسایی لەگەڵ ئەو ووڵاتانەی ھەلی کار بۆ دەستی کاری بیانی دەڕەخسێنن، بۆیە بەردەوام چەندین ووڵاتی وەکوو سوید، ئاڵمانیا، سویسرا، دانیمارک و نۆرڤێژ پشتگیری دەکەن.
سروە ڕەسوول ووتیشی: ئێستا پڕۆژەکە لە ھەولێر بە فەرمی کراوەتەوە، مانگی داھاتوو لە سلێمانییش دەکرێتەوە.
لەگەڵ سەنتەری پەرەپێدانی کۆچی نێودەوڵەتی، ئێستا خەریکی پێگەیاندنی ئەو کارمەندانەین کە ئەو جۆرە خولانە پێشکەش دەکەن، بێگومان ئەوە بەتەنیا بە خەڵکی خۆمان نابێت، لە بەشێکی دیکە ھاوکاری ئەو کەسانە دەکرێت کە لە دەرەوە بۆ کارکردن ڕوو لە ھەرێم دەکەن و یاسای و ڕێسای هەرێمیان پێ دەناسێنین کە چۆن خۆیان بگونجێنن ئەگەر ڕووبەڕووی شتێک ببنەوە، ئەوەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ چەند وەزارەتێک دەکرێت، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی پلاندانان، خوێندنی باڵا و پەروەردە، لە ناووەزارەتی ناوخۆش چەندین لایەنی سەرەکی ھەن وەکو بازرگانی بە مرۆڤ، ئەوانە ھەمووی ڕۆڵی سەرەکییان ھەیە لەو سەنتەرە.
سروە ڕەسول ڕوونیشی کردەوە: بەردەوام لەڕێگەی لیژنەیەکی باڵا بەرنامە دادەندرێت و ئەو جۆرە ھۆشیارکردنەوانە پێشکەش دەکرێن، ئێستا خەریکی دانانی ھێڵە گەرمەکانین و بۆ تیمەکانمان خستووەتە کار و ڕاھێنانیان پێدەدەکرێت کە چۆن ھۆشیارکردنەوە و پەیامەکان دەگەینن.
ئەم بابەتە 17263 جار خوێندراوەتەوە