ئەنجامی كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم لە بەغدا لەبارەی بوودجە و مووچە ئاشكرا كرا

پەیامی کورد   ...   ئەنجامی كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم لە بەغدا لەبارەی بوودجە و مووچە ئاشكرا كرا

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەنجامی کۆبوونەوەکانی دووشەممەی شاندی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ لە بەغدا لەبارەی بوودجە و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی خستەڕوو.

وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند: دووشەممە بەسەرپەرشتی دکتۆر فوئاد حسێن جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووری کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش لەنێوان شاندی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێج جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدڕاڵ کە پێکھاتبوون لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردنی عێراق بەڕێوەچوو.

وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان ئامادەبوون، لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کرا و ھەردوولا ھاوڕابوون کە ھەموو ھەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەم ساڵدا، ھاوکات داواکارییەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کە ساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بە داتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا ڕێککەوتن کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو کۆبوونەوەی ھاوبەش ئەنجام بدرێت کە تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت.

وەزارەتی دارایی بڵاویشی کردەوە: ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی ھاوبەش لە ھەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و وەزارەتی دارایی ھەرێم پێک بھێندرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان دەستبەکاربن و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای ھەفتەی داھاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی ھەردوولا بۆ ساڵی ٢٠٢٥.

ھەروەها شاندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی ھاوبەشی ھەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی ھەرێم بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، ھەردوولا جەختیان لە پێویستی ھاوکاری و ھەماھەنگی بۆ ئەم قۆناغە کردەوە تا بە ھاوبەشی داکۆکی لە ماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بکرێت.


ئەم بابەتە 52 جار خوێندراوەتەوە