ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوایەک ئاراستەی حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات
پەیامی کورد ... ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوایەک ئاراستەی حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان کە لە 2024/7/1 لە بەغدا ئەنجام درا لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو.
لە کۆبوونەوەدا جەخت لە پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور کرایەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیری خۆی بۆ لیژنەی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایسپاردن کە لە چوارچێوەی دەستور و یاسا بەرکارەکان، درێژە بە گفتوگۆ لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵ بدەن و لیژنەیەکی یاسایی پسپۆڕیشی ڕاسپارد بۆ ڕێککەوتن لە سەر داڕشتنی میکانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان تاوەکوو یاسای تایبەت بە دەستەی دەروازە سنوورییەکان هەموار دەکرێتەوە .
پاشان لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران بەدواداچوونی بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتیش مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش كرد کە بەداخەوە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی تا ئێستا مووچەی مانگی 5 و6 ی خەرج نەکردووە سەرەڕای ئەوەی کە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ وردبینی و پێداچوونەوە، پێشکەش بە تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ کراوە. لەمبارەیەوە بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری ڕاپۆرتێکی وردی خستەڕوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، دوا پێشهاتی بابەتی ووردبینی و پێداچوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵی تاوتوێ کرا و جەخت لە بەردەوامی ئاسانکاری وەزارەتەکان بۆ پرۆسەی ووردبینی کرایەوە، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ سەبارەت بە پرۆسەی هاوبەشی یەکخستنەوەی ڕێکارە داراییەکان و ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ کرا بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکان و بە ئاراستەی برەودان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دارایی.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە خوازیاری چارەسەری ڕاستەقینەی سەرجەم بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵە، لەم ڕووەوە، دامەزراوەکانی هەرێم پابەندییەکانی خۆیان بەجێگەیاندووە و ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵیشە کە شایستەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق و چیتر خەرجکردنی مووچە دوانەکەوێت .
ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و6 خەرج بکات . هەروەها داوا دەکات شایستەکانی دیکەی هەرێم لە تەرخانکراوەکانی تەشغیلی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان خەرج بکات کە لە خشتە پەسەندکراوەکانی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 پارەیان بۆ تەرخانکراوە کەچی تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ هەرێم خەرج نەکردووە و لە سەرەتای 2024 یشەوە، هەرێمی کوردستان بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی بە کاش بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە و مانگانەش لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی سەرجەم وەزارەتەکان ،بە شێوەیەکی ڕوون و شەفافانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە.
ئەم بابەتە 22229 جار خوێندراوەتەوە