ئەنجومەنی وەزیران هاوتاکردنی مووچەی خانه‌نشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵ تاوتوو کرد

پەیامی کورد    ...   ئەنجومەنی وەزیران هاوتاکردنی مووچەی خانه‌نشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵ تاوتوو کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی تەممووزی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ، لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا بە داتا و زانیاری بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو ئەمەش بە پێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ی ساڵی 2014 کارپێکراو لە بەغدا کە یاسای ژمارە 27 ی ساڵی 2006 ی هەڵوەشاندووەتەوە، هەروەک لە بڕیاری دادگای فیدراڵی هاتووە و لە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری داراییش پێشنیار کراوە کە لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کار بە یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2014 بکرێت بە ئاراستەی یەکسانیی لە مووچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی خانەنشینان کە ژمارەیان لە هەرێمی کوردستان 277 هەزار و 541 کەسن و خەرجی کۆی مووچەی مانگانەی ئێستایان 122 ملیار دینارە، و ئاماژەیدا بەوەی لە هەرێم کەمترین بڕی مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، لە کاتێکدا کەمترین مووچە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق 500 هەزار دینارە.

دواتریش هەریەک لە ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدۆلحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕوونکردنەوەی پێویستیان خستەڕوو.

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ووردەکاری جیاوازییەکانی نێوان هەردوو یاسای خانەنشینی کارپێکراو لە هەرێم ژمارە 27ی ساڵی 2006 و یاسای خانەنشینی یەکگرتووی فیدڕاڵ ژمارە 9 ی ساڵی 2014 ی خستەڕوو، ئاماژەی بەوە دا کە بە شێوەیەکی گشتی جێبەجێکردنی یاسای ساڵی 2014 لە بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێمە کە مووچە و شایستەکانیان هاوتا دەکات لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ بە تایبەتیش لە ڕووی کەمترین بڕی مووچەی خانەنشینی لە هەرێم کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کەمترە، ئەمە جگە لە دەرماڵەی بژێوی کە بڕەکەی 100 هەزار دینارە و مانگانە بۆ خانەنشینانی عێراق خەرج دەکرێت لەسەروو مووچەکانیان، سەرەڕای وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت لە لایەن خانەنشینان لە حکوومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای کۆی دوا مووچە و دەڕماڵە نەک تەنیا مووچەی بنەڕەتی.

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە سەرەڕای ئەمانە، بە جێبەجێکردنی یاسای ساڵی 2014 ، سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بە یەک یاسا و مەرج و پێوەر، خانەنشین دەکرێن و یەک دامەزراوەش بە ناوی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی، تایبەتمەند دەبێت بە خانەنشینی لە سەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتی (شارستانی و سەربازی و پێشمەرگایەتی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) کە ئێستا بە گوێرەی یاسای ساڵی 2006 هەر یەک لەم پۆستانە یاسای خانەنشینی تایبەت بە خۆیان هەیە.

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێمی دا بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە پێناوی بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێم و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ، وەزارەتی دارایی و ئابووری و دیوان و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاسپێردران بۆ ڕێکاری یاسایی وئیداری پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ ئەم مەبەستە تا سەرجەم پێداویستیە دارایی ویاسایی یەکان تەواوبکرێن و لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمیش، وەزارەتی دارایی وئابووری بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی ئامادەسازی ڕێکخستنەوەی کەرتی خانەنشینی لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی فیدڕاڵیی ژمارە 9 ی ساڵی 2014 تا دواتر ڕێکەوتنی پێویستی لەسەر بکرێت لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی.

پاشان گفتوگۆ لەبارەی بابەتی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم و مووچەی مانگی پێنج و شەشی پێشمەرگە و ئاسایش و دوا پێشهاتی ووردبینی و پێداچوونەوەی لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کرا، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە وەزارەتەکان بەردەوام بن لە ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە لە 10 ڕۆژی یەکەمی هەموو مانگێک تاکوو هیچ بیانوویەک نەمێنێت کە ببێتە هۆی دواخستنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران و دووپاتیشی کردەوە کە بەردەوام بن لە ئاسانکاریکردن بۆ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ، پێشوازی لە ڕوونکردنەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی كرد تایبەت بەوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بانکی حکوومی و هەموو ئەو بانکانەش کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق ڕێگەپێدراون و لە هەرێم کار دەکەن و لە چوارچێوەی پرۆژەی ( هەژماری من) لە هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێری و ڕێنمایی بانکی ناوەندی پرۆسەی بەبانکیکردنی پێدانی مووچەی هەرێم جێبەجێ دەکەن، بەم شێوەیەش مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئازادن لە بەبانکیکردنی مووچەکانیان لە بانکە حکوومی و تایبەتەکان کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە ڕێگەپێدراو بن .

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە مووچەخۆران دەکات ئەوانەی تا ئێستا پرۆسەی بەبانکیکردنیان لە چوارچێوەی پرۆژەی ( هەژماری من) تەواو نەکردووە، لە نزیکترین کاتدا، خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی تاکۆتایی ئەمساڵ وەک بڕیارە تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێن.


ئەم بابەتە 25024 جار خوێندراوەتەوە