ئەنجوومەنی باڵای فەتوا ڕێژەی زەكات و سەرفیترە و فیدیەی ئەمساڵی دیاریكرد
بەھۆی نزیکبوونەوە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بۆ ئەمساڵ ڕێژەی زەکات و سەرفیترە و فیدیە بۆ موسڵمانان دیاریکرد.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای کوردستان ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی بنەماکانی شەریعەت، ڕێساکانی فیقھی ئیسلامی، بەراوردکردنی بۆچوونی گەورە زانایان و بە لەبەرچاوگرتنی نرخی زێڕ و زیو، ھەروەھا دوای ھەڵسەنگاندن و شڕۆڤەی وردی پرسی دیاریکردنی ڕێژەی زەکات و سەرفیترە و فیدیە، پاڵپشت بە بەڵگەی درووست و زانستی، ڕێژە و ئەندازەی زەکات و سەرفیترە و فیدیە دیاریکرا.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا ڕاشیگەیاندووە: ئەمساڵ ڕێژەی سەرفیترە بۆ ھەر کەسێک بەلایەنی کەمەوە ٣ ھەزار دینار دەبێت، ھەروەھا ئەندازەی فیدیەی بەڕۆژوو نەبوون بۆ ھەر ڕۆژێک ٣ ھەزار دینار دەبێت.
سەبارەت بە ڕێژەی کەوتنی زەکاتیش، ڕایانگەیاندووە، ئەندازەی ئەو پارەیەی زەکاتی تێدا واجب دەبێت (نیصابی زەکات) بریتییە لە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینار، واتا ھەر کەسێک ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دیناری عێراقی ھەبێت و ساڵی بەسەردا سووڕابێتەوە، واجبە بۆ ھەر ملیۆنێک دینار، ٢٥ ھەزار دینار بە زەکات بدات بە ھەژار و کەمدەرامەتان.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی پەیمانگای فەلەکناسی نێودەوڵەتی، ڕۆژی شەممەی داھاتوو ڕێککەوتی ١-٣-٢٠٢٥ یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەبێت.
ئەم بابەتە 66 جار خوێندراوەتەوە