ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەیی حکوومەتی هەرێم بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دووپات دەکاتەوە
پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەیی حکوومەتی هەرێم بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دووپات دەکاتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 11/15، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی گفتوگۆی هاوبەشی نێوان وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵ و شاندی هەرێم لە ڕۆژانی 12-13 /11 سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆک وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.
سەرەتا سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی گفتوگۆکانی حکوومەتی هەرێم و شاندی حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ووزە و وەزیری نەوتی فیدراڵ کە ماوەی چەند ڕۆژێک لە هەولێر بوونح، خستەڕوو.
سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم ئامادەیە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەست پێ بکاتەوە و هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵیش پەلە بکەن لە تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە.
دواتر ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای پێشوازی و پشتیوانیکردن لە بەڕێوەچوونی ئەرێنی دانووستانەکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە ئەم پرۆسەیە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکان دەکات و بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم چەندین ملیار دۆلار زیان لە گەنجینەی گشتی کەوتووە، لە هەمان کاتدا ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە پاراستنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە لە چوارچێوەی دەستوور لە هەوڵ و گفتوگۆکانیان بەردەوام بن.
پاشان لە بڕگەی دووەم دا، پێشنیاری چەند وەزارەتێک سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆیان خرایەڕوو، کە ڕێژەیەک لە داهاتەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەزارەتەکانیان و خزمەتگوزارییەکان بەکاردەهێندرێتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە پەرەپێدان و ڕێکخستنەوەی سیستمی دارایی و ژمێریاری لە هەرێم کردەوە، بەجۆرێک کە ببێتە مایەی باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەکانی خەرجیی دوور لە بیرۆکراتی و ڕووتین، هەروەها گرینگی پەرەپێدانی بە دیجیتاڵکردنی مامەڵە و خزمەتگوزارییەکان بە ئاراستەی پێشکەشکردنی ئاسانکاری و دەستکردنەوە وتوانادارکردنی دامەزراوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و خزمەتگوزارییەکان، ئەمەش بەسوود وەرگرتن لەو ڕێژە داهاتی گەڕاوەی وەزارەتەکانیان، لە چوارچێوەی سیستەمێکی دارایی وژمێریاری پێشکەوتوو، هەر لەم پێناوەشدا، وەزارەتەکان ڕاسپێردران کە هاوکاری و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی وئابووری بکەن.
ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها بۆردی باڵای دارایی گشتی ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست سەبارەت بە بڕیاری ژمارە 219ی ئەنجوومەنی وەزیران بگرنەبەر، هەروەها پێویستە مانگانە تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجیەکان بە بێ دواکەوتن ئاراستەی وەزارەتی دارایی وئابووری بکرێت تاکوو دواتر حکوومەتی فیدراڵی لێ ئاگاداربکرێتەوە بۆ خەرجکردنی شایستەی دارایی مانگانەی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی دا بابەتی داواکاری ئەو فەرمانبەرانەی کە بە بێ مۆڵەتی خوێندن، بڕوانامەیان بەدەستهێناوە و تا ئێستا بڕوانامەکانیان بۆ هەموارنەکراوەتەوە لەلایەن ئارام موحەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و وەزیرانی پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو .
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی سیاسەتی حکوومەتی هەرێم بۆ هاندانی فەرمانبەران بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا و برەودان بە بەرزکردنەوەی توانای پیشەیی و ئەکادیمی کارمەندانی کەرتی گشتی بە پێی پلانی پەسەندکراوی وەزارەتەکان، بڕیاریشی دا کە لیژنەیەکی تایبەتمەند لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێکبهێنرێت، بۆ پۆڵێنکردن و هەڵسەنگاندنی حاڵەتەکانی ئەو بڕوانامانەی کە بە بێ مووڵەتی بێ مووچە بەدەست هاتوون، بۆ ئەوەی لە ڕووی زانستی و کارگێڕی و دارایی و یاسایی یەوە هەڵبسەنگێنرێن و دواتر دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنەکە ، بخرێتە بەردەم کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران تاکوو بڕیاری کۆتایی لێ بدرێت.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە