ئەنجوومەنی وەزیران : دەبێت حکوومەتی فیدراڵ لە زووترین کات دا مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێدرێت
پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی وەزیران : دەبێت حکوومەتی فیدراڵ لە زووترین کات دا مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێدرێت
ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دەکات، بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە و بەرپرسانە کار بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و دوور لە چەواشەکاری ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن و نەبنە بڵندگۆی ئەو کەسانەی کار بۆ پشێوی و ئاشووب نانەوە دەکەن و هەمیشە پاساو و بیانوو بۆ ئەو زوڵم و ستەمە دەهێننەوە کە لە مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان بە گشتی دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تەمووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی دواڕێککەوتن و لەیەک تێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، کە حەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا پەسەند کراوە و تایبەتە بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی و میکانیزم و ڕێکاری تایبەت بە هەنگاوەکانی هاتوو لە ڕێککەوتننامەکە لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنە هاوبەشەکانی هەردوولا.
ئەنجوومەنی وەزیران، دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە. سەبارەت بە بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری بە کاش خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وەک لە ڕێککەوتنە هاوبەشەکە هاتووە، ئەمە سەرەڕای ناردنی لیستی مووچەی پەسەندکراوی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران و ووردبینی کردنی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی دارایی و ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و بەردەوامی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم لە ووردبینی وەرزی داهات و خەرجییەکان ، لەم ڕووەشەوە، هەرێمی کوردستان هەموو داهات و خەرجییەکانی، شەفافانە خستووەتە بەردەمیان.
سەبارەت بە نەوتیش، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە، هەموو ئاسانکارییەکی پێشکەشی لیژنەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و کۆمپانیای سۆمۆ کردووە لە بەردەست خستنی زانیاری و داتاکان و سەردانی ڕاستەوخۆیان بۆ سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێم، لیژنەی تەکنیکی هەردوو وەزارەت، لەسەر پڕۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ گەیشتونەتە لەیەکگەیشتنی هاوبەش بۆ ئەو بڕە نەوتەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت ، چوونکە بەهۆی هێرشە درۆنییە تیرۆریستی و ناڕەواکانی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ، بەرهەمهێنانی نەوت، بە شێوەیەکی بەرچاو لە کێڵگەکان کەمی کردووە.
ئەم ڕێکارانەش پابەندی هەرێم بە ڕێكکەوتنەکە پشتڕاست دەکاتەوە، بۆیە دەبێت لە بەرامبەریشدا حکوومەتی فیدراڵ پابەندی خۆیی بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات بە ناردنی دەست بەجێی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، کە تا ئێستا نەیانناردووە و مووچەخۆرانی هەرێم، سێ مانگە بێ بەشکراون لە شایستەی دارایی خۆیان، کە مافێکی دەستووریی و یاسایی خۆیانە و نابێت لەژێر هیچ بیانوویەک، ئەم مافە پێشێل بکرێت بە تایبەتیش ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە بە زیادەوە، جێبەجێ کراوە.
ئەنجومەنی وەزیران، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، هەڵوێستی بەرپرسانە و خۆراگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت کە وێڕای بارودۆخی سەختی دارایی کە بوونە قوربانی بڕیارێکی ناڕەوا و نادەستووری، بەڵام تێگەیشتنی پێویستیان بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە هەیە کە بە سەر هەرێمی کوردستان سەپێنراوە و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەکی بەرزەوە، داکۆکی لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەنجومەنی وەزیران خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکاتەوە کە لە پێناو دابینکردنی مووچە وشایستەکانی خەڵکـ، هیچ کات درێخی ناکات و دەستبەرداری مافەکانی خەڵکی کوردستان نابێت.
ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دەکات، کە بە شێوەیەکی ڕاستگۆییانە و بەرپرسانە کار بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و دوور لە تێکدان و خراپەکاری و چەواشەکاری ئەرکی خۆیان بەجێ بگەێنن و نەبنە بڵندگۆی ئەو کەسانەی کار بۆ پشێوی و ئاشووب نانەوە دەکەن و هەمیشە پاساو و بیانوو بۆ ئەو زوڵم و ستەمە دەهێننەوە کە لە مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان بە گشتی دەکرێت .
لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەدا، کە میوانداریی لیژنەیەکی هاوبەش لە ( وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی پێوانەسازی وکۆنتڕۆڵی جۆری) و ( وەزارەتی دارایی وئابووری/ بەڕێوبەرایەتی گشتی گومرگەکان) و ( وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی/ بەڕێوبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی ) و ( وەزارەتی ناوخۆ) کرابوو، لیژنەکە دەقی ڕێککەوتننامەی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیان خستەڕوو سەبارەت بە دانانی میکانیزمی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆری فیدڕاڵ و هەرێم لە چوارچێوەی تایبەتمەندی و دەسەڵاتە دەستوورییەکان، بە جۆرێک لە چوارچێوەی ئەو ڕێكکەوتننامە هاوبەشە، بڕوانامەکانی پشکنینی کەلوپەل و بەرهەمەکان لە لایەن هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆری کاری پێدەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش، ڕێکارەکانیان یەک دەخەن و دەستەی پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆری هەرێمی کوردستان، لایەنی تایبەتمەند دەبێت بۆ ئەم بابەتە هاوشێوەی دەزگا هاوتاکەی لە حکوومەتی فیدڕاڵ.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران ، وێڕای دەستخۆشی كردن لە لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنامەیە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ، بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی ڕێککەوتنامەکەی دا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بگرنەبەر لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم و یاسابەرکارەکان لە هەرێم وەک ئەوەی لە کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکەدا هاتووە.
ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕۆڵی گرینگی دەبێت لە ئاسانکاری و یەکخستنی ڕێکارەکانی پشکنین بە جۆرێک کۆتایی بەو ئاستەنگانە دێت کە هۆکاری کێشەکانی پەکخستنی جووڵەی بازرگانی و جمووجۆڵ وئاڵوگۆڕی بەرهەم و کەلوپەل و پێداویستیەکان بوون لە نێوان هەردوولا کە ببوە مایەی گلەیی وگازندەی هاوردەکاران و بازرگانان و خاوەن پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکان لە ناوچەکانی هەرێم و فیدڕاڵ.
23 تەمووز 2025
ئەم بابەتە 24 جار خوێندراوەتەوە