ئەنجوومەنی وەزیران ، پرسی نەوت و گەنمی تاوتوو کرد

پەیامی کورتد   ...   ئەنجوومەنی وەزیران ، پرسی نەوت و گەنمی تاوتوو کرد

چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبووەنەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە ڕۆژی جیهانی ژینگە کرد کە ئەمڕۆیە و ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەموو ڕۆژێک ڕۆژی پاراستنی ژینگە بێت و دەبێ هەموو هەوڵێک لە پێناو پەرەپێدانی کولتووری ژینگەپارێزی بخەینەگەڕ .
سەرۆک وەزیران جەختی لە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێم بە بابەتی ژینگەپارێزی کردەوە و ووتی پێویستە ژینگەپارێزی ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی ڕابگرین و وا بکەین نەوەکانی دوای ئێمەش بە باشی سوودی لێ وەربگرن ، چوونکە ئەم سرووشتە بە تەنیا موڵکی ئێمە نییە و موڵکی نەوەکانی داهاتووشە، بۆیە پاراستنی و گەشەپێدانی ئەرکی هەموو لایەکمانە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ڕاپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ ( 2025-2021 ) لەلایەن دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو، دوای ئەوەی ئەم پلانە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا بە داتا و زانیاری وردەوە ، ئاماژە بە ڕێکارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرابوو بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندن و نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیریش بۆ پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە لەسەر ئاستی هەر سێ دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن ویاسادانان ودادوەری کرا.
هەروەها زانیاری پێویست لەبارەی کار و هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم تایبەت بە باشترکردنی دۆخی چاکسازی و بەندیخانەکان و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ خرایەڕوو.
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە نووسینگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەم ڕاپۆرتە، ئاماژەی دا بە کارنامەی کابینەی حکوومەتی هەرێم لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کە لە کارە لەپێشیەکانی کابینەیە نۆیەمە و حکوومەتی هەرێم بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە لە ڕێگەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گرینگی و بایەخی تەواو بەم بابەتە بدرێت.
لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد بەردەوام بن لە هەنگاوەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پلانی پەسەندکراو وەک بەشێک لە کارنامە و پلانی کابینەی نۆیەم.
لە بڕگەی دووەمدا، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ، ڕاپۆرتێکی لەبارەی دوا هەڵوێستی حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت لەمبارەیەوە خستەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران وێرای دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو بۆ داکۆکیکردن لە ماف و شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیران و گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و هەروەها کۆبوونەوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدڕاڵ و ئەنجوومەنی ئابووری فیدڕاڵ بەرز نرخاند. ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی ڕاسپارد کاری پێویست بکەن لەسەر ئەو پێشنیارانەی لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە گەنمی جووتیارانی هەرێم لە چوارچێوەی پلانێکی کشتوکاڵی گونجاو و هەروەها ڕێکاری پێویست لەمبارەیەوە بگرنەبەر بە پێی ئەو پێشنیارانەی لە ڕاپۆرتی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو هاتبوون.
پاشان گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کرا.
سەرۆک وەزیران و شاندی دانووستانکار باسیان لە کۆبوونەوە و هەوڵ و ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کرد کە لەم ڕووەوە، کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ هەرچی زووتر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، هەر بۆ ئەم مەبەستەش، وا بڕیارە لە سەرەتای حەفتەی داهاتووش، شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق ، بەیەکەوە سەردانی بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆکردن و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنیەوە لە مانگی ئاداری ساڵی پارەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی گشتی عێراق و هەرێمیش گەیشتووە.
لە کۆبوونەوەدا ڕێنوێنی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ شاندی دانووستانکار دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی جیددی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ هەرچی زووتر گەیشتن بە ڕێکەوتننامەیەکی گشتگیر و هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستوور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و خستنەگەڕی داهاتەکەی بۆ خزمەتی گەنجینەی گشتی، ئەمەش پێویستە لەسەر بنەما دەستوورییەکان و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی دەسەڵاتەکانی هەرێم بێت، لەم چوارچێوەیەدا حکوومەتی هەرێم ئامادەی گفتوگۆ و دانووستان و گەیشتنە بە ڕێککەوتن.


ئەم بابەتە 38040 جار خوێندراوەتەوە