ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووری فیدراڵ و هەرێمی کوردستانی کرد
پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووری فیدراڵ و هەرێمی کوردستانی کرد
چوارشەممە 11ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی (63)ــهمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر دەکەینەوە، کە شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بوو، بە گشت پێکهاتە جیاوازەکانییەوە لەپێناو داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی.
پاشان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە خرایە ڕوو، کە گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی وەزاریی فیدراڵی بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر لە ڕۆژانی 8-9ی ئەیلوولی 2024 و تاووتوێکردنی ڕێکار و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەو کۆبوونەوە هاوبەشە لە لایەن وەزارەت و فەرمانگە تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێم، بە جۆرێک هیچ بیانوو و بەهانەیەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە، بۆ ڕاگرتن و دواخستنی خەرجکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم.
ئەنجوومەنی وەزیران، پێشوازی لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی پەسەندکراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنەکە، و بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد، سەبارەت بە بەردەوامبوونی وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ بۆ خەرج کردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان کە بێبەش کرابوون لە وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفی).
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی هێنانە کایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەکراون و ڕەچاوکردنی تێبینی وسەرنجەکانی دیکە، بە جۆرێک لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی ڕاستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفییان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکرێت و لە بەرانبەردا حکوومەتی فیدڕاڵ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی پێشوو بنێرێت، کە خەرجکردنی ڕاگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەش بکرێت و ئامادەکاری پێویستیش بکرێت بۆ مووچەی مانگی 9، هاوتای مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
دواتر هەریەک لە وەزیرانی (بازرگانی و پیشەسازی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ناوخۆ، سامانە سروشتیەکان، پلاندانان، داد) ئەو بابەتانەیان خستە ڕوو، کە لەگەڵ وەزیرانی هاوتایان لە حکومەتی فیدڕاڵ گفتوگۆیان لەسەر کردووە و لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لێ هاتووەتەدی، لە میانەی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووری فیدڕاڵ وهەرێم، لەبارەی هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە ڕۆژمێری کشتوکاڵی، مووڵەتی هەناردە و هاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، دۆسیەی نەوت و ووزە و کەرتی بانکی.
ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوونی کارکردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکومەت بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لە پێناو گەیشتن بە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت لە چوارچێوەی دەستوور .
سەرۆک وەزیران هیوای خواست ئەو کەشە ئەرێنی و لەیەکتێگەیشتنەی لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی تێدا کرا ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی گشت کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەردوولا .
دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و لە بەرامبەریشدا خوازیارە ڕێز لە مافە دەستووری و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان بگیرێت.
لە کۆتایی دا ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد بۆ پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاری فیدڕاڵی بۆ ئابووری و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە شاری بەغدا بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەوە و دانیشتنەکان بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ ئەو بابەتانەی کە ماون.
ئەم بابەتە 69159 جار خوێندراوەتەوە